ئەمڕۆ هەینی، گرووپێک پایسکیلسوار لە شاری کەرکووکەوە بە پایسکیلەکانیان و دوای نزیکەی هەشت کاژێر گەیشتنە هەولێر و سەردانی تۆڕی میدیایی رووداویان کرد و لەلایەن دێسکی تەندروستتی رووداوەوە پێشوازییان لێکرا. ئەندامێکی گرووپەکە دەڵێت: "بۆ پشتیوانی هەوڵەکانی رووداو و بەرنامەکەی دکتۆر ئاراس گەشتەکەمان کردووە".
ئارام عوسمان، ئەندامی ئەو گرووپە پایسکیلسوارییەیە ئەمڕۆ سەردانی تۆڕی میدیایی رووداویان کردووە، دەڵێت: "کاژێر 07:00ـی بەیانی لە کەرکووک دەرچووین و نزیک کاژێر 02:30 گەیشتنە بەردەم کەناڵی رووداو".
ئارام عوسمان گوتی: "کە بەرنامەکەی دکتۆر ئاراسمان بینی وەکو پشتگیرییەک بۆی، سەردانی کەناڵی رووداومان کردووە؛ گوتمان با هەڵوێستێکمان بۆ ئەو بەرنامە جوانە هەبێ".
ئەو پایسکیلسوارە کە بە پایسکیلەکەی لەگەڵ هاوڕێکانیدا لە کەرکووکە گەیشتووەتە هەولێر دەڵێت: "بەرنامەکەی دکتۆر ئاراس پارچەیەکە لە ژینگە، ئێمەش ئامانجمان ئەوەیە هانی خەڵک بدەین بۆ هاتووچۆکردن زیاتر پایسکیل بەکاربهێنن".
د. ئاراس: هاتنی گرووپەکە وەڵامێکی جوانی بەرنامەکانی رووداوە
د. ئاراس برادۆستی، پێشکێشکاری بەرنامەی (د. ئاراس) لە تۆڕی میدیایی رووداو، بە بایەخەوە سەردانی گرووپەکە هەڵدەسەنگێنێت و دەڵێ، ئامانجی ئەوانیش برەودانە بە پایسکیلسواری.
ئاراس برادۆستی دەڵێت: "لە بەرنامەکەدا باسی بایەخ و سوودی پایسکیلسواریمان کرد و داوامان کرد، برەو بە کولتووری پایسکیلسواری بدرێت بۆ ئەوەی سوودی تەندروستی بە خەڵک بگەیێنێت، داواشمان کرد ئاسانکاری بۆ پایسکیلسواری بکرێت".
لەبارەی هاتنی گرووپی پایسکیلسواری کەرکووک بۆ رووداو، د.ئاراس گوتی: "هاتنی گرووپەکە لە کەرکووکەوە وەڵامدانەوەیەکی جوانی گرووپەکەیە کە لە شارەکەیانەوە بە پایسکیل دێنە رووداو".
پێشکێشکارەکەی رووداو گوتیشی: "هاتنی گرووپی پایسکیلسواری کەرکووک بۆ هەولێر، وەڵامدەرەوەی خەڵکە بۆ بەرنامەکانی تۆڕی میدیایی رووداو".
بەرنامەکەی دکتۆر ئاراس
کۆتا هەفتەی مانگی رابردوو، لە بەرنامەی دکتۆر ئاراس لە تۆڕی میدیایی رووداو، گرنگیی پایسکیلسواری و ئاستەنگییەکانی بەردەم بەکارهێنانی تاوتوێ کرا. لە بەرنامەکەدا بەرپرسانی یەکێتی پایسکیلسواری و پزیشکانی پسپۆڕ میوان بوون.
مزەفەر حەمید، سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتیی پایسکلیسوارانی عێراق لە بەرنامەکەدا گوتی: "زۆر پایسکیلسوار داوای دروستکردنی شەقام یاخود شوێنی تایبەت بە پایسکیلسواری دەکەن لەنێو شاری هەولێر، چونکە بەشێکی زۆریان لەبەر کەمیی شوێن ناتوانن راهێنان بکەن".
مزەفەر حەمید داوایەکی ئاڕاستەی مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کرد، کە شوێنی پایسکیلسوارییان بۆ دروست بکەن.
هەروەها دکتۆر دڵزار ئەدهەم، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان گوتی: "بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ، پایسکیلسواری یارمەتیدەرە بۆ زیادبوونی باڵای منداڵان و گەشەشیان زیاد دەکات، چونکە منداڵ ماندوو دەکات و بەمەش زوو دەخەون، ئەم زوو خەوتنەش گەشەی ئێسکەکان باشتر دەکات و لەو رووەوە، باڵای منداڵ زیاد دەبێت".
وەڵامی پارێزگاری هەولێر بۆ بەرنامەکەی دکتۆر ئاراس
وەکو وەڵامێک بۆ نێوەڕۆکی بەرنامەکەی دکتۆر ئاراس لە تۆڕی میدیایی رووداو، پارێزگاری هەولێر بەرپرسانی شارەکەی کۆکردەوە بۆ دانانی هێڵ و رێگەی تایبەت بە پایسکیلسواری و رایگەیاند، پڕۆژەکەیان لە بەرنامەدایە و کاریان لەسەر کردووە.
پێنبجشەممە 7ـی ئایاری 2025، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، سەرۆكی شارەوانی شارەکە و نوێنەرانی هاتووچۆ، پلاندانان، گرێبەستە گشتیەكان، ئەندازەی پارێزگا، كاروباری ناوخۆ بۆ هەنگاوە کردارییەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەی "دروستکردنی رێڕەو و رێکخستنی پایسکیلسواری" لە سەنتەری شاری هەولێر، کۆبوونەوە.
پارێزگای هەولێر لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی کۆبوونەوەکەوە رایگەیاند: "لە کۆبوونەوەکەدا، كە د. ئاراس برادۆستی، وەك لووتكەی تەندروستی بەشدار بوو، پارێزگاری هەولێر جەختی لەوە کردەوە، ئەم پڕۆژەیە بە پاڵپشتی راستەوخۆی رێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لێدراوە بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە".
پڕۆژەکە ئامانج لێی خزمەتکردنی تەندروستی گشتیی و ژینگەپارێزییە و هۆكارێكیشە بۆ کەمکردنەوەی جەنجاڵی شار، ئەمەش بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی پارێزگای هەولێر، کە ئومێد خۆشناوی پارێزگاریش لە فەیسبووکی خۆی بڵاویکردەوە.
بەگوێرەی پارێزگای هەولێر، بۆ پڕۆژەکە "لیژنەیەکی تایبەتمەندی راوێژکاری و ئەندازیاری لە پارێزگای هەولێر پێکهێنراوە وردەکاری تەکنیکی و ئەندازیاری پڕۆژەکەیان ئامادە کردووە. هەروەها لە نەخشەی بنەڕەتی ئەو زەویانەشی ئێستا دابەشكراوە لەلایەن شارەوانیی شوێنی هاتووچۆی پایسكیل و پیادەڕۆ دیاریكراوە".
دکتۆر ئاراس دەڵێ: "پارێزگای هەولێر پلانێکی درێژخایەنی وردی ستراتیژییان هەیە بۆ پایسکیلسواری، ئێمەش بۆچوونی خۆمان لەگەڵدا بەشکردوون و پێمانگوتوون، لە رووی زانستی تەندروستی گشتییەوە هاوکاریان دەبین".
پێشکێشکاری بەرنامەی دکتۆر ئاراس لە تۆڕی میدیایی رووداوی دەڵێ، "لەگەڵ ئامادەبوونی ژێرخان و هاوتەریب لەگەڵ پلانەکانی پارێزگای هەولێردا، کەمپەینێکی میدیایی دەکەین و هاوکاریان دەبین لە زیاتر بڵاوکردنەوەی بە کولتووریکردنی وەرزشی پایسکیلسواری لە هەولێر و کوردستان".
بۆ پڕۆژەکە هەولێر دەیەوێ، سوود لە ئەزموونی پاریسی فەڕەنسا وەربگرێ، کە هەردوو شارەکە دەستخوشکی یەکن. پارێزگا لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێت، دەیانەوێ سوود لە هۆڵەنداش وەربگرن، کە "پێشەنگی جیهانە لە بواری پایسکیلسواریدا".
بە گوێرەی ئەو پلانەی دانراوە، لە ئەگەری پەسندکردنی کۆتایی نەخشە و دیزاینەکان، بڕیارە سەرەتا لە پارکەکانەوە دەستپێبکرێت. لە قۆناخەکانی دواتریشدا، شەقامە سەرەکییەکانی وەک 30 مەتری، 60 مەتری و 100 مەتریی لە هەولێر رێڕەو و شوێنی تایبەتیان بۆ پایسکیلسواران تێدا دروست بکرێت".