لە هەورامان دوو گورگ 35 بەرخ دەخنکێنن

رووداو دیجیتاڵ 

لە گوندێکی نەوسوودی هەورامان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، دوو گورگ پەلاماری رانەمەڕێکیان داوە و 35 بەرخیان خنکاندووە.
 
گوندی هانەگەرمەڵە سەر بە ناحیەی نەوسوودی پاوەیە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، مەڕدارەکە ڤیدیۆی رووداوەکەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: ئەوە بەهۆی هێرشی دوو گورگەوە بووە.
 
ڤیدیۆکە ئەمڕۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە، دوای بەدواداچوونی رووداو دەرکەوت رووداوەکە رۆژی چوارشەممەی هەفتەی رابردوو لە نزیک گوندی هانەگەرمەڵە کە هاوسنووری بیارەیە لە باشووری کوردستان، روویداوە.
 
ماوەیەکە هێرشی ئاژەڵە کێوییەکان بۆ سەر گوندەکان زیادیکردووە و 13ـی ئایاری 2024 ڤیدیۆیەک بڵاوکرایەوە کە ورچێک لە هەورامان هێرش دەکاتە سەر دوو مانگا و مرداریان دەکات.
 
هەر ئەمڕۆش لە گوندێکی نزیک ئیسلامئابادی رۆژئاوا لە پارێزگای کرماشان، ورچێک هێرشی کردووەتە سەر جووتیارێکی تەمەن 55 ساڵان و برینداری کردووە.
 
شارەزایانی ژینگە لە رۆژهەڵاتی کوردستان هۆکاری زیادبوونی هێرشکردنی ئاژەڵە کێوییەکان بۆ سەر گوندەکان بۆ دروستکردنی بەنداو و تێکدانی ژینگەی ئەو ئاژەڵانە دەگەڕێننەوە.