گەشتوگوزاری هەڵەبجە: 42 هەزار گەشتیار لە دوو رۆژی جەژندا سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانیان کردووە

رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەڵەبجە دەڵێت، لە دوو رۆژی یەکەمی جەژندا 42 هەزار گەشتیار و سەردانیکار چوونەتە شوێنە گەشتیارییەکانی پارێزگاکە و پێشبینیش دەکات، تاوەکو کۆتایی رۆژانی جەژن، ژمارەکە بگاتە 70 هەزار کەس.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 08-06-2025، چیا قاسم، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری پارێزگای هەڵەبجە لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە رێبوار عەلی پێشکێشیکرد، رایگەیاند، ژمارەیەکی باش لە گەشتیارانی نێوەڕاست و خوارووی عێراق بۆ پشووەکانی جەژنی قوربان "هاتوونەتە شوێنە گەشتیارییەکانی پارێزگاکە".
 
زۆرینەی ئەو گەشتیارانەی لە دوو رۆژی یەکەمی جەژنی قورباندا سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانی پارێزگای هەڵەبجەیان کردووە، خەڵکی پارێزگاکانی نێوەڕاست و خوارووی عێراقن. چیا قاسم گوتی، ئەم ساڵ بەهۆی قەیرانی دارایی و دابەشنەکردنی مووچە، سەردانیکاری نێوخۆییمان کەم بووە.''
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەڵەبجە، لە دوو رۆژی یەکەمی جەژنی قورباندا پێشوازییان لە 42 هەزار گەشتیار و سەردانیکار کردووە و ''ئەم ژمارەیە تاوەکو کۆتایی پشووەکانی جەژن بەردەوامە لە بەرزبوونەوە''.
 
14ى نیسانى 2025 پەرلەمانی عێراق پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەى پەسندکرد و بووە 19ـەمین پارێزگای عێراق و چوارەمین پارێزگای هەرێمی کوردستان. چیا قاسم گوتی، ئەم بابەتە کاریگەرییەکی ''زۆر باش''ـی لەسەر هاتنی ژمارەیەکی زیاتر لە گەشتیاران و پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاری دەبێت.
 
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەڵەبجە پێشبینی دەکات، تاوەکو کۆتایی پشووەکانی جەژن، زیاتر لە 70 هەزار گەشتیار سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانی پارێزگاکە بکەن.