مەولوود باوەموراد بۆ رووداو: یەکگرتووم، بەڵام پۆستەکەم بۆ کەسێکی دیکە جێهێشتووە

رووداو دیجیتاڵ
 
دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی وازهێنانی لە حیزبەکەی، مەولوود باوەموراد، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەرانی یەکگرتوو بە رووداوی راگەیاند، "ئێستاش هەر یەکگرتووم، بەڵام هیچ پۆستێکم نییە".
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، مەولوود باوەموراد بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هیچ راگەیێندراوێکی نەبووە باسی وازهێنان لە یەکگرتوو بکات، "ئێستاش هیچ پۆستێکی حیزبی و حکومیم نییە، بەڵام هەر یەکگرتووم".
 
ئەمڕۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە مەولوود باوەموراد وازی لە یەکگرتووی ئیسلامی هێناوە و پەیوەندی بە حیزبێکی دیکە [پارتی دیموکراتی کوردستان] کردووە.
 
مەولوود باوەموراد بە رووداوی گوت: "وەکو هەر کەسێک کە هۆکارێکی هەیە منیش لە ماڵەوەم، بەڵام وازم نەهێناوە، ئەگەر وازبێنم بە ئاشکرا دەست لەکار دەکێشمەوە."
 
لەبارەی دەستبەردار بوونی لە پۆستی حیزبیش دەڵێت: "من شوێنی خۆم بۆ گەنجێک جێهێشتووە، ئێستاش پەیوەندیم لەگەڵ سەرکردایەتی زۆر باشە، بەڵام هیچ بیرۆکەیەکم نییە بۆ کاری حیزبی."
 
مەولوود موراد محێدین، ناسراو بە مەولوود باوەموراد، ساڵی 1964 لە هەڵەبجە لەدایکبووە، لە راگەیاندنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستاندا لە ساڵی 1994 یەکێک بووە لە ئەندامانی دەستەی دامەزراندن، چەند پۆستی جیاوازی حزبی وەرگرتووە تاوەکو ئەندامی مەکتەبی سیاسی، لە کابینەی رابردوو وەزیری هەرێم بووە بۆ کاروباری نێوان حکومەت و پەرلەمان.