سەربڕخانەی هەولێر بۆ رووداو: ئەم ساڵ قوربانیکردن زۆر زیاترە لە پار

رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەری سەربڕخانەی هەولێر دەڵێت: لە سێ رۆژی جەژندا زیاتر لە هەزار سەر ئاژەڵی گەورە و بچووک کراون بە قوربانی. "بەراورد بە پار زۆر زیادی کردووە.''
 
رۆژی یەکشەممە، 8ـی حوزەیرانی 2025، هەڵمەت هەمزە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ''ژمارەی قوربانیکردن زۆر زیادی کردووە بەراورد بە پار، ئەم ساڵ لە سێ رۆژی جەژندا هەزار و 203 سەر ئاژەڵ کراونەتە قوربانی، لە کاتێکدا پار 723 سەر ئاژەڵ بوون.''
 
بە گوتەی هەڵمەت هەمزە: ''ئەم ساڵ بەهۆی دواکەوتنی مووچە و تای خوێنبەربوون، پێشبینیمان دەکرد بە شێوەیەکی گشتی قوربانیکردن لە هەرێمی کوردستان کەمبێت، بەڵام پێچەوانەکەی دەرچوو.''
 
پار لە سێ رۆژی جەژنی قورباندا، هەزار و 291 کیلۆگرام گۆشتی ئاژەڵ رەتکرابووەوە بەهۆی نەخۆشی و نەبوونی مەرجی تەندروستی. بەڕێوەبەری سەربڕخانەی هەولێر دەڵێت: ''ئەم ساڵ هەزار و 867 کیلۆگرام گۆشتی ئاژەڵ رەتکراونەتەوە.''
 
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر، ئەم ساڵ لە سێ رۆژی جەژنی قورباندا 215 سەر ئاژەڵی گەورە و 988 سەر ئاژەڵی بچووک کراونەتە قوربانی. پار لە سێ رۆژی جەژنی قورباندا 132 سەر ئاژەڵی گەورە و 591 سەر ئاژەڵی بچووک کراونەتە قوربانی.