لویس ساکۆ رەخنە لەو "گۆڕانکارییانە" دەگرێ لە سنووری عەنکاوە روویانداوە

رووداو دیجیتاڵ
 
لویس ساکۆ نیگەرانیی خۆی سەبارەت بە "گۆڕینی سیمای عەنکاوە" دەردەبڕێ کە ئەو بە "گۆڕینی دیمۆگرافی" ناوی دەبات و بەشێک لە بەرپرسیارێتییەکەى دەخاتە ئەستۆى خەڵکی قەزاکەوە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 8ى حوزەیرانى 2025، کاردیناڵ لویس ساکۆ، پاتریارکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان روونکردنەوەیەکى بڵاوکردەوە.
 
کاردیناڵ لویس ساکۆ رایگەیاند: "دوای رووخانی دەسەڵاتى پێشووى عێراق لە ساڵی 2003 عەنکاوە بەخێرایی گەشەی کرد، خانووە کۆنەکان گۆڕدران بە خانووى نوێ و چەندین کەنیسەى کلدانی دروستکران. لە دوای داگیرکردنی موسڵ و شارۆچکەکانی دەشتی نەینەواش لەلایەن داعش و ئاوارەبوونی کریستیانەکان، چەندین کەنیسەى کاسۆلیکی و ئۆرسۆدۆکسی و رۆژهەڵاتی تێدا کرانەوە".
 
لویس ساکۆ بەرپرسیارێتی ئەو گۆڕانکاریانە بە "پلەی یەکەم" دەخاتە ئەستۆى خەڵکی عەنکاوە و شارەوانیی شارۆچکەکە، پاشان کەنیسە و قایمقام.
 
پاتریارکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان دەڵێت: "وەبەرهێنان دەستی پێکرد؛ هۆتێل، چێشتخانە، شوێنی بازرگانی، کاتبەسەربردن، یانە، شوێنی فرۆشتنی مەی، باڕ و لەشفرۆشی دانران. کێ ئەو خانووانەی فرۆشت یان بەکرێی دان و تایبەتمەندیی عەنکاوەی لەنێوبرد؟ ئەوانە خەڵکەکەی خۆی بوون".
 
 ئەو کاردانەوەى لویس ساکۆ دواى ئەوە هات، لە 27ى ئایارى 2025دا مونا یاقو، سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ هۆشداری لەبارەی دۆخی عەنکاوە دا و گوتى:" زیادبوونی رەفتاری نائەخلاقی لە شەقامەکانی عەنکاوە جێگەی قبووڵ نییە و مەیخانە و سەنتەری مەساج براونەتە شوێنی نیشتەجێبوون، بە شێوەیەک خەڵک لە ئاسایشی کچ و کوڕەکانیان دڵنیا نین". 
  
لویس ساکۆ گوتى:"باوەڕم بە پێکەوەژیانی هاوسەنگ هەیە، بەڵام دروستکردنی گەڕەکە داخراوەکان "گێتۆکان" و گۆڕانکاریی دیمۆگرافیی سیستماتیک رەت دەکەمەوە". 
 
بەشێک لە رەخنەکانى لویس ساکۆ ئاڕاستەى نوێنەرانى سیاسیی کریستیانەکانى عەنکاوەیە و گوتى: "نوێنەرانى عەنکاوە لە پەرلەمانی عێراق چوونە پاڵ گرووپی بابلیون و هیچیان پێشکێشی کریستیانەکان و عەنکاوە نەکرد".
 
عەنکاوە لەنێو هەولێرە و ساڵى 2021 لەلایەن حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە بڕیاردرا لە ناحیەوە بکرێتە قەزا. زۆرینەى دانیشتوانەکەى کریستیانن.