لە هەولێر و سلێمانی زیاتر لە 30 کەس بە تۆمەتی سەربڕین و فرۆشتنی ئاژەڵ لەسەر شەقام دەستگیرکران

رووداو دیجیتاڵ
 
لایەنە پەیوەندیدارەکان دەڵێن، لە رۆژانی جەژنی قورباندا لە هەولێر و سلێمانی زیاتر لە 30 کەس بە تۆمەتی سەربڕین و فرۆشتنی ئاژەڵ لەسەر شەقام دەستگیرکراون.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 8ـی حوزەیرانی 2025، گۆران قادر، سەرۆکی لێژنە هاوبەشەکانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پێش جەژن کۆمەڵێک رێکار بۆ خۆپاراستن و رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون دەرکران، یەکێک لەو رێکارانە قەدەخەکردنی فرۆشتن و سەربڕینی ئاژەڵ لەسەر شەقام و شوێنە گشتییەکان بوو، بەڵام کۆمەڵێک کەس پابەندی رێنماییەکان نەبوون."
 
سەرۆکی لێژنە هاوبەشەکانی سلێمانی گوتی، "لە یەکەم رۆژی جەژنەوە، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان توانیمان زیاتر لە 20 کەس بە تۆمەتی فرۆشتن و سەربڕینی ئاژەڵ لەسەر شەقامەکان دەستگیر بکەین. رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە و دەدرێنە دادگە."
 
بە گوتەی گۆران قادر، هەوڵەکانیان بۆ رێگریکردن لە هەر جۆرە سەرپێچییەک لە رۆژانی جەژندا بەردەوام دەبێت.
 
هاوکات بەرپرسێکی قایمقامیەتی هەولێر بە رووداوی گوت، "پێش جەژن هەموو هاووڵاتییان ئاگادار کرابوونەوە کە بەهۆی تای خوێنبەربوونەوە نابێت بە شێوازێکی نایاسایی قوربانی بکەن، بە پێچەوانەوە سزا دەدرێن، بەڵام بەشێک لە هاووڵاتییان پابەندی یاساکان نەبوون و سەرپێچییان کرد."
 
ئەو بەرپرسە گوتیشی، "لە یەکەم و دووەم رۆژی جەژندا، 10 کەس بە تۆمەتی سەرپێچیکردنی رێنماییەکان و سەربڕینی ئاژەڵ لە شوێنی گشتی و بە شێوازی ناتەندروست دەستگیرکراون و رەوانەی دادگە دەکرێن."
 
میلـلەت زیکری، سەرۆکی لیژنەی چاودێریی بازاڕ لە قایمقامییەتی دهۆک بە رووداوی راگەیاند، "پێش جەژن هەموو کەسێکمان لەبارەی سەرپێچییەکان ئاگادار کردبووەوە، بۆیە تاوەکو ئێستا هیچ سەرپێچییەک لەلایەن ئێمە و ڤێتەنەری تۆمار نەکراوە."
 
4-6-2025، رابەر محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەریی وەزارەتی کشتوکاڵ رایگەیاند، بەهۆی بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوونەوە کۆمەڵێک رێکاری نوێیان بۆ قوربانیکردن لە جەژندا دەرکردووە و ئاماژەی بەوەش کرد، هەر کەسێک پابەند نەبێت، سزا دەدرێت.