بڕیاری سزادانی ئەو پزیشکانەی هەولێر کە بایکۆتیان راگەیاندبوو، پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
دوێنێ بەشێک لە پزیشکانی نیشتەجێی خولاو لە هەولێر بایکۆتیان کرد و بەو هۆیەوە مووچەبڕ کران. بەرپرسێکی وەزارەتی تەندروستی دەڵێت، "بە سزاکەدا دەچینەوە."
رۆژی یەکشەممە، 08ـی حوزیرانی 2025، بەرپرسێکی وەزارەتی تەندروستی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەشێک لە پزیشکەکان بەهۆی ئەو بایکۆتەی دوێنێوە، سزادرابوون، بەڵام بەڵێنمان پێیانداوە دوای پشووی جەژن پێداچوونەوە بە سزاکە بکەین، ئەگەر دەرکەوت مافی ئەوانە هەڵیدەوەشێنینەوە."
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی تەندروستی گوتی، "رۆژی سێشەممە کۆبوونەوە دەکەین و یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکەمان، بڕیاری سزای ئەو پزیشکانە دەبێت، ئەگەر سزاکەیان هەڵوەشایەوە بە نووسراوی فەرمی رایدەگەیێنین."
هاوکات، د. چۆڤان ئیسماعیل، نوێنەری پزیشکانی ناڕازیی دانەمەزراو بە رووداوی گوت، "کاردانەوەی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی هەولێر و وەزارەتی تەندروستی زۆر خێرا و تووند بوو، چونکە تەنیا داوای مافی خۆمان کردبوو، بەڵام لە کۆتاییدا زۆر بە تووندی وەڵامیان داینەوە، لەگەڵ کۆمەڵێک پارێزەر و شارەزای یاسایی لە هەرێمی کوردستان و بەغدا قسەمان کردووە، ئەوان دەڵێن، 'هەر بڕیارێک لە رۆژی پشوودا بدرێت، ناچێتە واری جێبەجێکردنەوە و لە رووی یاساییەوە پووچەڵە'. بۆیە لە رووی یاساییەوە ئەو بڕیارەی ئەوان پووچەڵە و کاری پێناکرێت، تەنیا بۆ چاو سوورکردنەوەی پزیشکانی خولاو و دانەمەزراوە."
د. چۆڤان ئیسماعیل گوتی، "پێشتر ئەوانمان ئاگادار کردەوە کە بایکۆت دەکەین، بەڵام بە هەندیان وەرنەگرت، دوای بایکۆتەکە کاژێر 5:00ـی ئێوارە پەیوەندییان بە نوێنەرانی پزیشکانی خولاو و دانەمەزراوە کرد، لەگەڵ لایەنێکی ناکارگێڕیی وەزارەتی تەندروستی کە هیچ پەیوەندییەکی بە بابەتەکەی ئێمەوە نەبوو کۆببینەوە و ئێمەش قبووڵمان کرد، کۆمەڵێک بەڵێنی زارەکیمان پێدرا لەلایەن ئەو لایەنە ناکارگێڕییەوە، بەڵام ئێمە پشتی پێنابەستین چونکە ئەو لایەنەی بەڵێنی پێداوین ناکارگێڕییە."
ئەو دکتۆرە دەڵێت، "ئێمە 778 دکتۆرین، ئەگەر بە مووچەی یەک ملیۆن و 200 هەزار دینار دابمەزرێین لەسەر داهاتی ناوخۆ کە ئەوە مووچەیەکی سەرەتاییە بۆ پزیشکان، کۆی گشتیی مانگانە دەبێتە 966 ملیۆن دینار، واتا نزیکەی ملیارێک دینارمان پێویستە."
ئەمڕۆ یەکشەممە، د. شکۆ شێرکۆ، نوێنەری پزیشکانی ناڕازی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بایکۆتی ئەو پزیشکانە بەهۆی دانەمەزراندنی پزیشکانی نوێ و ناڕەزایەتی لەسەر دانانی سیستمێکی نوێی شفتکردن بۆ پلەبەندیی پزیشکان بووە لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە."
بەڕێوەبەرایەتیی گشتی تەندروستیی هەولێر لە نووسراوێکدا کە واژۆی بەڕێوەبەری گشتی لەسەرە لە 2025/6/7، بۆ نەخۆشخانەی رزگاری فێرکاری، نەخۆشخانەی راپەڕینی فێرکاری و نەخۆشخانەی راپەڕینی فێرکاری منداڵانی ناردووە، دەڵێت: "بڕیارمان دا بە سزادانی ئەو پزیشکانەی لە شوێنی خۆیان ئامادە نەبوون، بە بڕینی یەک رۆژ مووچە و هەژمارکردنیان بە نەهاتوو."
لە نووسراوێکی دیکەی بەڕێوەبەرایەتییەکە کە ئاراستەی نەخۆشخانە تایبەتەکانی هەولێر کراوە، هاتووە: "دوابەدوای دەوام نەکردنی بەشێک لە پزیشکانی نیشتەجێی خولاو و دێرین لە نەخۆشخانەکانی کەرتی گشتی، ئاگادارتان دەکەینەوە هەر پزیشکێکی نیشتەجێی خولاو و دێرین لە کەرتی گشتی پابەندی دەوام نەبووە، نابێت لە نەخۆشخانە تایبەتەکان دەوام بکات. بە پێچەوانەوە، نەخۆشخانە بەرپرسیار دەبێت و دادەخرێت."