بۆ ناسینەوەى زیاتر لە 400 رووفات، نموونەى خوێن لە کوردانى ئێزدى لە ئەڵمانیا وەردەگیرێت
رووداو دیجیتاڵ
شاندێکى دادپزیشکى عێراق بە بەشداریى نوێنەرى هەرێمى کوردستان لە شارى هانۆڤەرى ئەڵمانیا هەڵمەتێک دەستپێدەکەن بۆ وەرگرتنى نموونەى خوێن لەو کوردە ئێزدییانەى لەو شارەن. بەگوتەى بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش، بۆ ناسینەوەى زیاتر لە 400 رووفاتى گۆڕە بەکۆمەڵەکانە کە تاوەکو ئێستا نەناسراونەتەوە.
بە گوێرەى راگەیێنراوێکى فەرمانگەى دادپزیشکى عێراق کە یەکشەممە 8ى حوزەیرانى 2025 بڵاویکردووەتەوە، ئەو شاندە لە شارى هانۆڤەرى ئەڵمانیا دەستیان بەو هەڵمەتە کردووە.
هەڵمەتەکە بە هاوئاهەنگى و هاوکاریی فەرمانگەی پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و بێسەروشوێنان لە دەزگای شەهیدانى عێراق و فەرمانگەی کاروباری رزگاربووان لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و بە بەشداریی بەڕێوەبەری دادپزیشکى هەولێرە، وەک نوێنەری هەرێمی کوردستان.
ئامانج لەو هەڵمەتە، دروستکردنی تۆماری نیشتمانییە بۆ کەسوکاری بێسەروشوێنان کە نیشتەجێی هانۆڤەرن، بۆ دیاریکردنی چارەنووسی قوربانییانی تیرۆر، بەتایبەت کوردانى ئێزدى.
یەکشەممە 8ى حوزەیرانى 2025، حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش بە تۆڕى میدیایی روودادى راگەیاند: ئەو هەڵمەتە بۆ زانینى ناسنامەى زیاتر لە 400 رووفاتى گۆڕى بەکۆمەڵى ئێزدییەکانە لە داد پزیشکى بەغدا، کە تاوەکو ئێستا ناسنامەیان نەزانراوە.
لەو هەڵمەتەدا فۆرمێکى زانیاریی تایبەت بە تۆماری نیشتمانیی بێسەروشوێنان پڕدەکرێتەوە و نموونەی خوێن لە کەسوکاری قوربانیان وەردەگیرێت بۆ بەراوردکردنیان بە مەبەستی ناسینەوەی ئەو بێسەروشوێنانەى کە لەلایەن داعشەوە رفێندرابوون.
حوسێن قائیدی ئاماژەى بەوەدا، لە کۆى 93 گۆڕى بەکۆمەڵى ئێزدییەکان کە بەدەستى داعش کوژراون و دۆزراونەتەوە، 68 گۆڕیان هەڵدراونەتەوە و بەشێک لە کوردانى ئێزدیى دانیشتووى ئەڵمانیا ناتوانن بگەڕێنەوە بۆیە ئەو تیمە لەوێ نموونەى خۆێنیان لێ وەردەگرێت.
ئەوە دووەم هەڵمەتى لەو جۆرەیە کە دادپزیشکى عێراق لە ئەورووپا ئەنجامی بدات. حوسێن قائیدی گوتى: "لە 2015 حکومەتى هەرێمى کوردستان دەستپێشخەرییەکى کرد بۆ ناردنى زیاتر لە هەزار بریندارى کوردى ئێزدى بۆ ئەڵمانیا بەمەبەستى وەرگرتنى چارەسەر".
ساڵى 2014 رێکخراوى داعش قەزاى شنگالى داگیرکرد، نزیکەى پێنج هەزار کوردى ئێزدى لەلایەن چەکدارانى ئەو گرووپەوە کوژران.
بەگوێرەى ئامارەکانى نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش، لەدواى 2014، زیاتر لە 120 هەزار کوردى ئێزدى روویان لە وڵاتانى ئەڵمانیا کردووە.