سێ کەس لە کرماشان بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، سێ کەس گیانیان لەدەستدا و سێی دیکەش بریندار بوون.
رووداوەکە رۆژی یەکشەممە، 8ـی حوزەیرانی 2025 لە نزیک گوندی چەقانگوژ روویدا.
مەسعود قەلعەسفیدی، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی خێرای پاریزگای کرماشان رایگەیاند: "رووداوەکە بەهۆی پێکدادانی دوو ئۆتۆمبێلی تایبەت لە جۆری پێژو و پراید بووە."
مەسعود قەلعەسفیدی گوتی: "لە رووداوەکەدا سێ کەس لە سەرنشینانی هەردوو ئۆتۆمبێلەکە دەستبەجێ گیانیان لەدەستداوە و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون."
مەسعود قەلعەسفیدی ئاماژەی بەوەشکرد، تەرمی ئەو کەسەی لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە، رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە و بریندارەکانیش بۆ نەخۆشخانە گوێزراونەتەوە.
ساڵانە لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، هەزاران کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدەدەن.
بە گوێرەی دادپزیشکیی ئێران، لە 21-03-2024 تاوەکو 21-03-2025، 20 هەزار و 45 کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە.