وێنەیەکی 50 ساڵ لەمەوبەری قالە مەڕە بڵاوکرایەوە

رووداو دیجیتاڵ

وێنەیەکی 50 ساڵ لەمەوبەری هونەرمەندی شمشاڵژەنی کوردستان، قالە مەڕە بڵاوکرایەوە کە لە ساڵی 1971 لە گوندی خانەقای شێخی بورهان لە رێگەی نێوان مهاباد - بۆکان گیراوە.
 
جەمال نەجاڕی وێنەکەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، لەلایەن کەسێکی ناسراوی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە وێنەکەی پێدراوە کە بڵاوی بکاتەوە و وێنەکەش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا زۆر بڵاوکراوەتەوە.
 
قالە مەڕە لە 1ی سەرماوەزی 1304ی هەتاوی (1925) لە گوندی کولیجەی بۆکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە. بەهۆی هێدی و لەسەرخۆبوونییەوە، لە منداڵییەوە لەلایەن شێخ محەممەد، شێخی خانەقای بورهان نازناوی قالە مەڕەی لەسەر داندراوە و هەر بەو ناوە ناسرا.
 
قادر عەبدوڵڵازادە ناسراو بە قالە مەڕە ناسراوترین شمشاڵژەنی کوردستان بوو کە ساڵی 2009 بەهۆی چوونەسەری تەمەن و نەخۆشی لە بۆکان کۆچی دواییکرد و لە گۆڕستانی هونەرمەندان و کەسایەتییە ناسراوەکانی بۆکان، لە داوێنی چیای
ناڵەشکێنە بەخاک سپێردرا.