کەشناسی: پلەی گەرما دادەبەزێت


رووداو دیجیتاڵ

کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ سێ بۆ چوار پلە، پلەی گەرما دادەبەزێت. کەشناسێکێش ئاماژە بەوە دەکات، لە ئەنجامی بارستەهەوایەکی فێنکی رۆژهەڵاتی ئەوروپا، دابەزینی پلەی گەرما تاوەکو رۆژی چوارشەممە بەردەوام دەبێت.
 
کەشناسیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ شەممە، 8ـی تەممووز بەراورد بە دوێنێ، پلەی گەرما 3 بۆ 4 پلەی سیلیزی دادەبەزێت و رۆژی یەکشەممەش پلەی گەرما "نزیک" دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ.
 
شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ بەراورد بە دوێنێ پلەی گەرما دابەزیوە؛ تاوەکو چوارشەممە دۆخەکە جێگیر دەبێت و پلەی گەرما زیاتر دادەبەزێت".
 
شاڵاو هیدایەت گوتی، دابەزینی پلەی گەرما لە هەرێمی کوردستان ئەنجامی هاتنی بارستەهەوایەکی فێنکی رۆژهەڵاتی ئەوروپایە بۆ ناوچەکە. گوتیشی، "ئەمڕۆ و سبەی ئەگەری تەپوتۆزی کەم لە گەرمیان و ناوچەکانی رۆژئاوا و باشووری هەرێمی کوردستان هەیە".
 
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، سبەی پلەی گەرمای باشووری کوردستان بەمشێوەیەی خوارەوە دەبێت:
 
- هەولێر؛ 41 پلەی سیلیزی
- سلێمانی؛ 40 پلەی سیلیزی
- دهۆک؛ 40 پلەی سیلیزی
- کەرکووک؛ 43 پلەی سیلیزی
- هەڵەبجە؛ 41 پلەی سیلیزی
- زاخۆ: 41 پلەی سیلیزی
- سۆران؛ 40 پلەی سیلیزی
- گەرمیان؛ 46 پلەی سیلیزی