سەرۆک بارزانی: پێویستە پارتی پارێزەری فەرهەنگ و رەوشتی بەرزی كۆمەڵگەی كوردستانی بێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک بارزانی لەگەڵ فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە و رایگەیاند، "پارتی ئومێدی سەرەكیی خەڵكی كوردستانە و پێویستە پارتی پارێزەری بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان و فەرهەنگ و رەوشتی بەرزی كۆمەڵگەی كوردستانی بێت."
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، 08-07-2023، سەرۆک بارزانی لە پیرمام لەگەڵ فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە.
بارەگای بارزانی لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی کۆبوونەوەکە دەڵێت، سەرۆک بارزانی "سوپاسی رۆڵ و ماندووبوونی ئەندامانی فراكسیۆنی پارتی كرد و دەستخۆشی لێ كردن كە لەم خولەی پەرلەمانی كوردستاندا كارەكانی خۆیان بە باشی بەجێگەیاندووە و پابەندی ئەركەكانیان بوونە. داواشی كرد بەردەوام بن لە رۆڵی خۆیان لە بوارە جیاجیاكان و خزمەتی كوردستان و پارتی بكەن."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆک بارزانی "جەختیشی لەوە كردەوە كە پارتی ئومێدی سەرەكیی خەڵكی كوردستانە و پێویستە پارتی پارێزەری بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان و فەرهەنگ و رەوشتی بەرزی كۆمەڵگەی كوردستانی بێت."
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، سەرۆک بارزانی ئاماژەی بە بارودۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان و ناچەکە کرد، لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵیی عێراقیش "بەرچاوڕوونی و ئامۆژگاریی پێویستی خستەڕوو."
رێبوار بابکەیی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دیدارەکە بەهۆی کۆتایی ئەرکمان بوو لە پەرلەمانی کوردستان. سەرۆک بارزانی وێڕای دەستخۆشی لە پابەندبوونمان بە ئەرکەکانمانەوە گوتی: "ئێوە لە پەرلەمانی کوردستانیش نەبێت، دەتوانن خزمەتی کوردستان بکەن".
رێبوار بابکەیی ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆک بارزانی تیشکی خستە سەر دۆخی ئەمڕۆی کوردستان و ناوچەکە و، "جەختی لە پێویستی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردەوە بۆ بەهێزکردنی رەوایەتیی بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان".