مووچەی لیوا هاوبەشەکان دابەش دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ 

بڕیارە سبەی یەکشەممە مووچەی لیوا هاوبەشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە دابەشبکرێت.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو کە ئەمڕۆ شەممە 8ـی تەمموزی 2023 لە هەردوو وەزارەتەکانی پێشمەرگە و دارایی هەرێمی کوردستان وەریگرتوون، بڕیارە سبەی یەکشەممە 8ـی تەمموزی 2023، مووچەی لیوا هاوبەشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە دابەشبکرێت.
 
زیاتر لە 35 هەزار پێشمەرگە لە ژێر چەتری لیوا هاوبەشەکانی وەزارەتی پێشمەرگەدان و هاوپەیمانانیش جەخت لە پێویستیی یەکخستنەوەی تەواوی هێزەکانی پێشمەرگە دەکەنەوە. 
 
جگە لە لیوا هاوبەشەکان، هێزی دیکەی پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستان هەن؛ دیارترینیان هێزەکانی 80ـی پارتی دیموکراتی کوردستان و 70ـی یەکێتی نیشتمانی کوردستانن.
 
ئەمریکا مانگانە نزیکەی 22 ملیۆن دۆلار بۆ هاوکاریی مووچەی لیوا هابەشەکان تەرخان دەکات.
 
تاوەکو ئەمڕۆ کاتی دابەشکردنی مووچەی مانگی رابردووی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دیار نییە و حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕێی ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانە بۆ پێدانی مووچە.