تەندروستیی سۆران: تەندروستیی تووشبووانی تای خوێنبەربوون جێگیرە

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری تەندروستیی سۆران دەڵێت، سێ تووشبووی تای خوێنبەربوون لە سنووری ئیدارەکە هەن و تەندروستییان باشە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، سەرجەم ئەو کەسانەی بەرکەوتەی تووشبووانن بۆ ماوەی چەند رۆژێک لەژێر چاودێریی پزیشکییدا دەبن.
 
رۆژی شەممە، 08-07-2023، دکتۆر کاروان جەمال، بەڕێوەبەری تەندروستیی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لەکاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی کاژێر 11ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، تاوەکو ئێستا شەش تووشبووی تای خوێنبەربوون لە سنووری ئیدارەکە تۆمارکراون کە سێ کەسیان گیانیان لەدەستداوە.
 
دکتۆر کاروان جەمال گوتی، دوو لە تووشبووەکان لە قەزای مێرگەسۆر، یەکێکیان لە قەزای سۆران، یەکێکی دیکەیان لە خەلیفان، یەکێکی دیکەیان لە گوندی بەرمیزە و ئەوی دیکەش لە قەزای چۆمان بوون.
 
بەڕێوەبەری تەندروستیی سۆران گوتیشی، سێ کەس لەوان گیانیان لەدەستداوە و لە سێ تووشبووەکەی دیکەش، یەکێکیان چاکبووەتەوە و دوو تووشبووەکەی دیکەش لەژێر چاودێریی پزیشکییدان، بەڵام تەندروستییان جێگیرە و بەرەو باشبوون دەچن.
 
دکتۆر کاروان جەمال باسی لەوە کرد، تایبەت بە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون تەنیا یەک جۆرە حەب هەیە کە دژە ڤایرۆسە و لەگەڵ ئەویشدا چارەسەری ''پاڵپشتیکار'' وەکو ئازارشکێن و کەمکەرەوەی تا، بۆ نەخۆش بەکاردەهێنرێت.
 
وەک بەڕێوەبەری تەندروستیی سۆران دەڵێت، ئەو حەبە لە هەولێر بەردەستە و دەبێ لە هەولێرەوە داوای بکەن، ''بەڵام لە هەفتەی داهاتووەوە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیش بەردەست دەبێت.''
 
بەگوتەی دکتۆر کاروان جەمال، سەرەتا پشکنین بۆ بەرکەوتووانی کەسی تووشبوو دەکرێت و ''ئەگەر دەرکەوت تووشی نەخۆشییەکە بوون، سەرجەم ئەو کەسانەی بەرکەوتەی ئەوانیشن، بۆ ماوەی حەوت یان 10 رۆژ لەژێر چاودێریی پزیشکییدا دەمێننەوە.''
 
بەڕێوەبەری تەندروستیی سۆران گوتی، تاوەکو ئێستا لە ئیدارەکە پشکنین بۆ تای خوێنبەربوون ناکرێت و ''ناچارین سامپڵی خوێن بۆ هەولێر بنێرین و لەوێش پشکنینی سەرەتایی بۆ دەکرێت، ئەگەر پشکنینەکە تووشبوون بە تای خوێنبەربوونی دەرخست، ئەوە بۆ دڵنیایی زیاتر نموونەیەک لە خوێنەکە رەوانەی تاقیگەی تەندروستیی گشتیی بەغدا دەکرێت.''
 
دکتۆر کاروان جەمال باس لەوە دەکات، بۆ دەرکەوتنی ئەنجامی سەرەتایی پشکنینەکانی تای خوێنبەربوون لە هەولێر نزیکەی 24 بۆ 48 کاژێر پێویستە و بۆ گرتنەبەری رێکارە پزیشکییەکانیش زیاتر پشت بەو ئەنجامە دەبەستن.
 
ئەوانەی تووشی تای خوێنبەربوون بوون، بەگوتەی بەرپرسانی تەندروستی، هەموویان مامەڵەیان لەگەڵ ئاژەڵدا هەبووە.
 
26ـی حوزەیران سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "بۆ چارەسەرکردنی تای خوێنبەربوون کۆمەڵێک دەرمان بەکاردێت، وەک ژیناو و دەرمانەکانی هەوکردن، بەڵام گرنگترینیان دەرمانی دژە ڤایرۆسی ریباڤارینە کە لە هەموو شوێنێک هەیە بە بەڕێوبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانیشەوە."
 
تای خوێنبەربوون بە چەندین رێگە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ و دەکرێت مرۆڤ بە سووکی تووشی بێت و لە زۆر باریشدا رەنگە ببێتە هۆکاری مردن. ڤایرۆسەکە لە رێگەی ئاژەڵ و مێشوولەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ.