کشتوکاڵی کەرکووک: ئەو جووتیارانەی گەنمیان رادەست نەکردووە بەپەلە سەردانی سایلۆ بکەن
رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک داوا لەو جووتیارانە دەکات تاوەکو ئێستا گەنمیان رادەست نەکردووە، بەپەلە سەردانی سایلۆی شارەکە بکەن.
بەگوێرەی نووسراوێکی فەرمیی کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی دانەوێڵە کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، ئەمڕۆ سێشەممە (8ی تەمموزی 2025)، دەرگای سایلۆی کەرکووک بەڕووی وەرگرتنی گەنم دادەخرێت.
عەبدوڵڵا میروەیس، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو جووتیارانەی تاوەکو ئێستا گەنمیان رادەست نەکردووە، دەبێت تاوەکو ئەمشەو گەنمەکەیان و نووسراوی بەبازاڕکردن بگەیەننە سایلۆ بۆ ئەوەی ناویان تۆماربکرێت."
عەبدوڵڵا میروەیس گوتی، ئەو کەسانەی ئەمشەو ناوی خۆیان تۆمار دەکەن، نۆرەیان بۆ دادەنرێت و لە دوو رۆژی داهاتوودا گەنمەکەیان لێ وەردەگیرێت.
سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ گوتیشی، هەر جووتیارێک تاوەکو ئەمشەو دەوروبەری کاژێر 9:00 سەردانی سایلۆ نەکات و ناوی خۆی تۆمارنەکات، مافی رادەستکردنی گەنمی نامێنێت، چونکە دەرگای سایلۆ بەتەواوی دادەخرێت.