لە دوو رووداوی هاتووچۆدا لە سنە 16 کەس بریندار بوون

 
رووداو دیجیتاڵ

دوو رووداوی هاتووچۆ لە رێگەی دیواندەرەی پارێزگای سنە روویاندا و لە ئەنجامدا 16 کەس بریندار بوون.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 8ی تەممووزی 2025 بابەک هودائی، بەڕێوەبەری بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکانی پارێزگای سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، "کاژێر 03:00ی پاشنیوەڕۆ لە رێگەی سەرەکیی دیواندەرە دوو رووداوی هاتووچۆ روویاندا، لە ئەنجامدا 16 کەس بریندار بوون."
 
هودائی گوتی، "رووداوی یەکەم لە رێگەی نسارە – دیواندەرە لەنێوان دوو ئۆتۆمبێلی تایبەت روویدا و لە ئەنجامدا 11 کەس بریندار بوون."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکانی سنە، "رووداوی دووەم لە رێگەی سەقز – دیواندەرە لەنێوان دوو ئۆتۆمبێلی جۆری پراید و پیژۆ روویدا، لە ئەنجامدا 5 کەس بریندار بوون."
 
ساڵانە ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتی لە ئەنجامی رووداوەکانی هاتووچۆ لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران گیان لەدەستدەدەن.
 
بەگوێرەی دادپزیشکیی ئێران، لە 21-03-2024 تاوەکو 21-03-2025، لانیکەم 20 هەزار و 45 کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە.