داواکاری گشتیی پاوە هۆشداری دەداتە کۆڵبەران: هەموو جۆرە جموجۆڵێک لەسەر سنوور قەدەخەیە

رووداو دیجیتاڵ
 
داواکاری گشتیی شاری پاوەی سەر بە پارێزگای کرماشان لەبارەی هاتۆچووکردن لەسەر سنوورەکان هۆشداری دەداتە خەڵک بە تایبەت کۆڵبەران و دەڵێت: "بڕیاری قەدەخەکردنی هاتووچۆ لەسەر سنوورەکان دراوە و لە ئەگەری پشتگوێخستنی بڕیارەکە، بەرپرسیارێتی لە ئەستۆی خۆیان دەبێت."
 
رۆژی سێشەمە 8ی تەمموزی 2025، هادی نەزەری، دادواکاری گشتیی شاری پاوە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەهۆی ئەو بارودۆخە ئەمنییە تایبەتەی کە لە ئەنجامی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران هاتووەتە ئاراوە، هەر جۆرە هاتووچۆ و جموجۆڵێک لە سنوورەکانی ناوچەکە قەدەخە کراوە، بە تایبەت لەلایەن کۆڵبەرانەوە.
 
دادواکاری گشتیی شاری پاوە هۆشداری دەداتە کۆڵبەران و خەڵکی ناوچەکە و دەڵێت: "لە ئەگەری پشتگوێخستنی بڕیارەکە، دەرئەنجام و بەرپرسیارێتیی هەر جموجۆڵێک لە سنوورەکە و هەر رووداوێکی نەخوازراو بەپێی مادەی 473 لە یاسای سزادانی ئیسلامی لە ئەستۆی خۆیان دەبێت."
 
هادی نەزەری داوا لە هاووڵاتییان دەکات، پابەندی بڕیارەکە بن و خۆیان لە هاتووچۆکردن لە سنوورەکانی ناوچەکە بەدوور بگرن.
 
لە دوای 13ی حوزەیرانەوە کە جەنگێکی 12 رۆژە لە نێوان ئێران و ئیسرائێل دەستیپێکرد، کۆڵبەری لەسەر سنوورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان وەستاوە.
 
هاونیشتیمانییەکی خەڵکی سەلاسی باوەجانی سەر بە کرماشان کە چەندین ساڵە لەسەر سنوور کۆڵبەری دەکات بە رووداوی رایگەیاند، بەهۆی ئەو دۆخە ئەمنییە تایبەتەی لە ناوچەکە هەیە، هاتووچۆی کۆڵبەران لەسەر زۆربەی سنوورەکان بە تایبەت سنووری ناوچەکانی سەلاس، جوانڕۆ، روانسەر و پاوە نەماوە و ئێستا بێکارن.
 
ئەو هاونیشتیمانییە دەشڵێت: "خۆم ماوەی پێنج شەش ساڵ بوو بژێوی ژیانم بە کۆڵبەری پەیدا دەکرد، بەڵام من و بە سەدان کەسی دیکە لە خەڵکی ناوچەکە بەهۆی قەدەخەکردنی هاتووچۆی کۆڵبەران بێکارین و لە دۆخێکی خراپی ئابووریداین."
 
لە لایەکی دیکەوە، دوای ئەو دۆخە ئەمنییەی کە دوای هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران، لە ناوچەکە هاتووەتە ئاراوە، چارەنووسی یاسای "رێکخستنەوە و چاودێریکردنی بازرگانی لە سنوور" کە لە دوایین رۆژەکانی ساڵی 2023 لە لایەن پەرلەمانی ئێرانەوە پەسند کرا، نادیارە.
 
حکومەتی ئێران، چەند ناوچەیەکی سنووریی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ هاوردەکردنی کەلوپەل لە لایەن کۆڵبەرانەوە دەستنیشان کردووە.
 
بریارەکە ناوچەکانی بانە، مەریوان، سەقز و سەوڵاوا لە پارێزگای سنە و ناوچەکانی جوانڕۆ، سەلاسی باوەجانی، پاوە و سەرپێلی زەهاو لە کرماشان دەگرێتەوە. هەروەها ناوچەکانی سەردەشت، میراوە و پیرانشار لە پارێزگای ورمێش دەگرێتەوە.
 
پەرلەمانی ئێران لە کۆبوونەوەی رۆژی 22-12-2023یدا پڕۆژەیاسای "رێکخستنەوە و چاودێریکردنی بازرگانی لە سنوور" پەسند کرد. 
 
بەپێی یاساکە، هاوردەکردنی کاڵا لە رێگەی کۆڵبەرییەوە بۆ پێنج ساڵ رێگەپێدراوە و لە ساڵی یەکەمی جێبەجێکردنیدا، کۆڵبەران لە باج و رسوماتی گومرگی دەبەخشرێن، دواتر هەر جۆرە هاوردەکردنی کاڵا لە لایەن کۆڵبەرانەوە بە پێی یاسا و رێسای ئێران دەبێت.
 
بە پێی ئاماری کۆڵبەر نیوز، لە شەش مانگی یەکەمی 2025دا، 14 کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی ورمێ، سنە و کرماشان بە هۆکاری جیاواز وەکو تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران، کەوتنەخوارەوە لە شاخ و بەرزایی یان هەڕەسی بەفر و سەرما گیانیان لەدەستداوە و 16 کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون.