حکومەتی هەرێمی کوردستان خەلیفانی کردە قەزا
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە فەرمانی سەرۆکوەزیران خەلیفان لە ناحیەوە کراوە بە قەزا، هاوکات گوندی سرێشمەش کرایە ناحیە.
رۆژی سێشەممە 8-8-2023، لە راگەیێندراوێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، "لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و کارئاسانی و پێویستی بۆ راپەراندنی کاروباری ھاووڵاتییان و شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان، بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ناحیەی خەلیفان کرا بە قەزا و گوندی سرێشمە کرا بە ناحیە لە سنوری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران".
مەغدید ئەحمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی خەلیفان ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، فەرمانەکە لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە رەوانەی وەزارەتی ناوخۆ دەکرێت، لەوێشەوە دەنێردرێت بۆ ئیدارەرەی سەربەخۆی سۆران پاشان دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
مەغدید ئەحمەد گوتی، "تاوەکو ئێستا دیار نییە کێ دەبێتە قایمقامی خەلیفان".
بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی خەلیفان، ژمارەی دانیشتووانی ناوچەکە نزیکەی 42 هەزار کەسە، تەنیا ناحیەش سەر بەو قەزایە بێت ناحیەی سرێشمەیە کە ئەمڕۆ فەرمانی بە ناحیەبوونی دەرکرا و پێشتر وەکو گوند مامەڵەی لەگەڵدا کراوە.