سەرۆک بارزانی پیرۆزبایی 47 ساڵەی دامەزراندنی حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک مەسعود بارزانی پیرۆزبایی 47ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان لە سکرتێری حیزبەکە دەکات و دەڵێت، "هیوادارم بە هیممەتی گشت لایەک كار بۆ پاراستنی دەستكەوتەكانی گەلی كوردستان بكرێت."
ئەمڕۆ سێشەممە، 08-08-2023، یادی 47 ساڵەی دامەزراندنی حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستانە. سەرۆک بارزانی بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە محەممەد حاجی مەحموود، سکرتێری حیزبەکە، ئەندامانی مەكتەبی سیاسی، سەركردایەتی و سەرجەم ئەندام و لایەنگرانی حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان کرد.
سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا رایگەیاند، "لەو یادەدا پێزانینم بۆ خەبات و قوربانیدانی ئێوە و حیزبەكەتان لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستاندا هەیە و هیوای سەركەوتن و بەردەوامیتان بۆ دەخوازم."
سەرۆک بارزانی دەشڵێت، "هیوادارم بە هیممەتی گشت لایەک كار بۆ پاراستنی دەستكەوتەكانی گەلی كوردستان بكرێت و كوردستان بەسەر كۆسپ و تەحەددیاتەكاندا سەربكەوێت."
دەقی پەیامی سەرۆک بارزانی:
بە ناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
برای بەڕێز كاک محەممەد حاجی مەحموود، سەرۆكی حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان
بە بۆنەی 47مین ساڵیادی دامەزراندنی حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی بەڕێزتان و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی و سەرجەم ئەندام و لایەنگرانی حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان دەكەم.
لەو یادەدا پێزانینم بۆ خەبات و قوربانیدانی ئێوە و حیزبەكەتان لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستاندا هەیە و هیوای سەركەوتن و بەردەوامیتان بۆ دەخوازم. هیوادارم بە هیممەتی گشت لایەک كار بۆ پاراستنی دەستكەوتەكانی گەلی كوردستان بكرێت و كوردستان بەسەر كۆسپ و تەحەددیاتەكاندا سەربكەوێت.
مسعود بارزانی
8ی ئابی 2023