وردەکاریی کۆبوونەوەکانی شاندی پارتی لە بەغدا


رووداو دیجیتاڵ

دوو رۆژە کۆبوونەوەکانی شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا بەردەوامن. پارتی مەبەستیەتی، گلەیی و تێبینییەکانی لە ژووری کۆبوونەوەکاندا بخاتەڕوو، رووی گلەییەکانیشی لە چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکانە وەکو پێکهێنەری حکومەتی عێراق کە بەشێکیان بەوە تۆمەتبار دەکات، پابەندی رێککەوتننەکان نەبوونە و پاشگەزبوونەتەوە.
 
ئەبو میساق مەساری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی رێکخراوی بەدر باسی رێککەوتنەکە دەکات کە لە کۆبوونەوەی شاندی پارتی و چوارچێوەی هاوئاهەنگی دا کراوە بە ئامادەبوونی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و دەڵێت، "رێککەوتن کە پێویستە پەلە بکرێت لە خەرجکردنی شایستە داراییەکان، پێموایە لە دوو رۆژی داهاتوودا خەرج دەکرێت، بەمەش بابەتێکی گرنگمان تەواوکرد، کۆبوونەوەکە زۆر گرنگ بوو، گفتوگۆ لەسەر بابەتی گرنگ کرا و گەیشتینە ئەنجامی گرنگ".
 
 
شاندەکە هەر بە لایەنە عێراقییەکان نەوەستاوە، دەیەوێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش لەو گرفتانە ئاگادار بکاتەوە، لەو چوارچێوەیەدا لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان و باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا کۆبوونەوە، باسیان لەوەکرد کە هەرێمی کوردستان بەتەواوی پابەندی رێککەوتنەکان و یاسای بودجە بووە، بەڵام هەندێک لایەنی سیاسی پابەندی رێککەوتن و بەڵێنەکانیان نەبوونە، داوادەکەن مووچەی فەرمانبەران دوانەکەوێت و تێکەڵ بە بابەتی سیاسی نەکرێت و پرسی یاسای نەوت و گاز و هەناردەکردنەوەی نەوتیش چارەسەربکرێت.

 

 
 
د. سەلام زوبێدی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر باس لەوە دەکات، "بە راشکاوانە چوارچێوەی هاوئاهەنگی و حکومەت بە ئامادەبوونی بەڕێز سەرۆکوەزیران ئامادەییان دەربڕی بۆ جێبەجێکردنی مادەکانی یاسای بودجە، هەروەها دانووستاندن لەگەڵ حکومەتی تورکیا بکەن لەکاتی سەردانە چاوەڕوانکراوەکانی بەڕێز ئەردۆغان بۆ بەغدا لەبارەی چۆنییەتی پەلەکردن لە هەناردەکردنەوەی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهان. کەشی کۆبوونەوەکە باش بووە، هەردوولا گلەیی و گفتوگۆکانیان قبووڵ کرد، رێککەوتنیش لەسەر قۆناخێکی نوێی لێکتێگەیشتن کراوە".
 
سەردانی شاندەکەی پارتی لەکاتێکدا، هێشتا بەغدا شایستەی دارایی هەرێمی کوردستانی بە تەواوی نەناردووە و گفتوگۆکانیش لەبارەی رەشنووسی یاسای نەوت و گاز دەستیانپێکردووە، بڕیارە ئەو شاندەش چەند کۆبوونەوەیەکی دیکە لە بەغدا بکات.