وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە: کەسانی سەڵت دەتوانن یەکەی نیشتەجێبوونی کرێنیشینان وەربگرن


رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان دەڵێت، 112 رۆژ کات لەبەردەستی هاونیشتمانییاندایە بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمی وەرگرتنی یەکەکانی نیشتەجێبوونی کرێنیشینان و کەمدەرامەتان، دوای ئەو وادەیەش لەماوەی سێ هەفتەدا مامەڵەی ئەو کەسانە دەستپێدەکات کە مەرجەکانیان تێدایە و یەکەکانیان بۆ دەردەچێت.
 
توانا بەشیر، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات گوتی: ئەو کەسانەی یەکەی نیشتەجێبوونی کرێنشینان وەردەگرن مەرجە بە بنەچە کورد و نیشتەجێی هەرێمی کوردستان بن نەک دانیشتووی دەرەوەی هەرێمی کوردستان. دەشڵێت، "تەنانەت کەسانی زگورتیش ئەگەر مەرجەکانیان تێدابێت، دەتوانن لەم دەرفەتە سوودمەندبن."
 
ئەو یەکانەی دابەشدەکرێن بەهۆی قەیرانی داراییەوە لە ساڵی 2013ـەوە کاریان تێدا نەکراوە، هەندێکیشان تەواو کراون و 600 شوقەیان لە سلێمانی لە رابردوودا دابەشکراون.
 
بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە گوتی، نۆ هەزار و چوار یەکەی نیشتەجێبوون (شوقە) لەبەردەستی وەزارەتەکەیاندایە و تێیاندایە 95%ـی کارەکانی تەواو بووە و هەشیانە 80% و بەرەو خوارتر تەواوبوون، تاوەکو دەگاتە 13%، "پڕۆژەمان هەیە لە سەنگەسەر خزمەتگوزاریشی بۆ براوە و هیچی وای نەماوە بۆ دابەشکردن؛ لە بنەسڵاوەش شوقەمان هەیە و تەنیا خزمەتگوزاری ماوە."
 
هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا بەرهەم سەردار، سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینانی هەرێمی کوردستان لەبارەی دابینکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کرێنیشینان و کەسانی کەمدەرامەت و میکانیزمی دابەشکردنی یەکەکان گوتی: ئەمجارە سیستمێکی پێشکەوتوو بۆ دابەشکردنی یەکەکان بەکاردەهێندرێت.
 
لە ساڵی رابردوودا بۆ 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون زیاتر لە 119 هەزار کەس فۆڕمیان پڕکردبووەوە، سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینان گوتی، "دواتر دەرکەوت کە بەشی زۆری ئەو کەسانەی فۆڕمیان پڕکردبووەوە شایستە نەبوون یان لە یەک خێزان چەند ئەندامێک پڕیان کردبووەوە، بەڵام ئەمجارە بەوجۆرە نابێت و هەر خێزانێک دەتوانێت یەک فۆڕم پڕبکاتەوە."
 
رۆژی سێشەممە، 8ـی ئابی 2023، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییدا رایگەیاند، "هاووڵاتییان ئاگادار دەکەینەوە کە پێگەی ئەلیکترۆنیی تایبەت بە پێشکێشکردنی فۆرمی یەکەی نیشتەجێبوون کە بەپێی یاسای ژمارە 16ـی ساڵی 2012ـی یاسای نیشتەجێبوون تایبەت بە یەکەکانی نیشتەجێبوون بۆ خەڵکی کەمدەرامەت لە هەرێمی کوردستان دەرکراوە، ئەمڕۆ کارا دەکرێت و ئەو هاووڵاتییانەی خۆیان بە شایستە دەزانن، لە ئەمڕۆوە دەتوانن فۆرم پڕبکەنەوە."