لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە سۆران منداڵێک گیانی لەدەستدا و چوار کەسی دیکەیش برینداربوون


رووداو دیجیتاڵ 

بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێک لە نزیک قەزای چۆمان، منداڵێک گیانی لەدەستدا و چوار کەسیش برینداربوون کە ئەندامی یەک خێزانن.
 
شەوی سێشەممە، 8ـی ئابی 2023، عەقید موحسین شەمزینی، گوتەبێژی هاتووچۆی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە رووداوێکدا ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لە نزیک پردی حافزی نزیک قەزای چۆمان وەرگەڕا کە خێزانێکی پێنج کەسی تێدابووە و بەهۆیەوە منداڵێکیان گیانی لەدەستداوە.
 
شەمزینی گوتی، هۆکاری رووداوەکە تیژڕۆیی بووە و لە پێچێکدا شۆفێرەکە کۆنترۆڵی لەدەستداوە. گوتیشی، "قوربانییەکان دوو هاوژین و سێ منداڵیانن؛ یەکێک لە منداڵەکان گیانی لەدەستداوە و چوارەکەی دیکەش بریندارن".
 
منداڵەکە رەوانەی دادپزیشکی کراوە و بریندارەکانیش گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
 
پار لە هەرێمی کوردستان سێ هەزار و 706 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە؛ لەنێویدا 773 رووداوی وەرگەڕان هەبوو، لە ئەنجامی کۆی رووداوەکانیشدا 445 کەس گیانیان لەدەستداوە و 7 هەزار و 250 کەسیش برینداربوون.