دوای سێ ساڵ هێشتا نیوەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی تەواو نەبووە


رووداو دیجیتاڵ 

بڕیاربوو کۆتایی مانگی ئابی ئەمساڵ قۆناخی یەکەمی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی تەواوببێت، بەڵام هێشتا نیوەیشی تەواونەبووە. لە کۆی ئەو 400 ملیارەی بۆ شەقامەکە دانرابوو، تاوەکو ئێستا یەک چێکێکی 100 ملیاری دراوەتە کۆمپانیاکە کە نیوەی پارەکەی خەرج نەکراوە.
 
قۆناخی یەکەمی شەقامەکە 32 کیلۆمەترە، هەرچەندە ئەوە نیوەی شەقامی شاڕێی بابانە، بەڵام دابیننەکردنی بودجە و بوونی ژمارەیەک رێگر و لەمپەر کارەکانی ئەو نیوەیەی شەقامەکەیشیان تەواو خاوکردووەتەوە.
 
سەرپەرشتیاری شارەوانی لە پڕۆژەکە پێی گوتین، بەهۆی دابیننەکردنی پارەوە تائێستا تەنیا 47٪ـی کارەکانی پڕۆژەکە تەواوبوون.
 
ئەبوبەکر تەیب، سەرپەرشتیاری شارەوانییە لە پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری، دەڵێت: "پێشتر زۆرینەی یەکتربڕەکان کە حەوت دانەن تەواو ببوون، تەنیا گێدەر (سەقفە کۆنکرێتییەکان)ـی مابوون، ئێستا دوای دەستکردنەوە بە کارەکان، تیمێکی تایبەت رۆژانە هەڵدەستن بە دروستکردنی ئەو گێدەرانە و گێدەر بۆ هەموو یەکتربڕەکان دابین دەکەین، هەروەها تیمی تێکەڵەڕێژکردن و بڕین و پڕکردنەوە بەردەوامن لە کارکردن."
 
شاباز سدیق، بەڕێوەبەری پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری بە رووداوی راگەیاند، کارەکانی کۆمپانیای جێبەجێکار بەردەوامە، بەڵام تائێستا تەنیا 100 ملیار دیناریان بە چەک بۆ تەرخانکراوە لەلایەن حکومەتەوە و لەو بڕەش نزیکەی 40 ملیار دینار بە کاش دراوەتە کۆمپانیا.
 
پێشنیازکرابوو بە رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران، ژمارەیەک زەویی نایابی سلێمانی بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە بفرۆشرێن، بەڵام ئەوەش هێشتا نەیتوانیوە گوڕێکی بەهێزتر بداتە تەواوکردنی کارەکانی پڕۆژەکە. 
 
بەرزان عابید، سەرۆکی لیژنەی شارەوانی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە رووداوی گوت، بەشێک لەو زەوییانەی دانرابوون بۆ فرۆشتن، بەهۆی گرانیی نرخەکەیانەوە نەفرۆشراون، هەندێکیان فرۆشراون کە نرخەکەیان دەگاتە دوو بۆ سێ ملیار دینار، هەروەها بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان تائێستا بەهیچ جۆرێک لەلایەن حکومەتی عێراقەوە خەرج نەکراوە بۆ پڕۆژەکان و نەتوانراوە سوودی لێ ببینرێت بۆ تەواوکردنی شەقامەکە. 
 
ئێستا کارەکان باشتر بەڕێوەدەچن، لە حەوت پۆینتی جیاوازی پڕۆژەکە کار دەکرێت؛ شەقامەکەش ئامادەکراوە رۆژی 10ـیی مانگی ئاب لە کیلۆمەتری یەکەمەوە دەست بە قیرکردن بکرێت.