لێکۆڵینەوەیەکی نوێ لە هەولێر: دوای پڕۆژەی رووناکی هەوای گەڕەکەکان پاکتر بووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
نزیكەی نیوەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان ئێستا كارەبای 24 كاتژمێرییان هەیە و پلانی حكومەتیش ئەوەیە تاوەکو ساڵی 2026 كۆتایی بە كێشەی كارەبا بهێنرێت. یەكێك لە كاریگەرییە باشەکانی پڕۆژەی رووناکی كەمكردنەوەی پیسبوونی ژینگەیە، بەتایبەتی دوای كوژانەوەی هەزاران موەلیدەی گەڕەكەكان.
لێكۆڵینەوەیەكی نوێی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە لە هەرێمی كوردستان، كە بۆ ماوەی ساڵێك لە چوار گەڕەكی هەولێر و دوای كوژانەوەی 377 موەلیدە ئەنجامدراوە، لایەنە ئەرێنییەكانی ئەو هەنگاوە بۆ ژینگە دەخاتەڕوو.
د. سەنعان عەبدوڵڵا، گوتەبێژی دەستەی ژینگە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەنجامەكان پێمان دەڵێن كە رێژەی ژاوەژاو و دەنكۆڵە هەڵواسراوەكان و گازی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن (CO2) كەمی كردووە. بەهۆی ئەو پڕۆژەیەوە، نزیكەی 62 ملیۆن لیتر گاز بەكارنەهێنراوە و دەردانی 166 هەزار تۆن گازی دوانەئۆکسیدی کاربۆن CO2 كەمبووەتەوە."
مەترسییە ژینگەیی و تەندروستییەكانی موەلیدەكان
پێشتر، هەرێمی كوردستان پشتی بە موەلیدە ئەهلییەكان دەبەست بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی كارەبای نیشتمانی. ئەو موەلیدانە، جگە لە ژاوەژاویان، سەرچاوەیەكی سەرەكیی پیسبوونی هەوا بوون.
مستەفا جومعە، پسپۆڕی كیمیا، هۆشداری دەدات لە مەترسییە تەندروستییەكانی ئەو ماددە ژەهراوییانەی كە لە ئەنجامی كارپێكردنی موەلیدەكانەوە دروست دەبن و دەڵێت: "ناڵێم هۆكاری یەكەم، بەڵام یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی موەلیدەكان، دروستبوونی حاڵەتەكانی شێرپەنجە، هەناسەتووندی، رەبۆ و نەخۆشییەكانی سییەكانە. بەتایبەت ئەو كەسانەی نزیكن لە موەلیدەكانەوە، كاریگەرییەكەیان لەسەر زیاترە. بۆ زانینی كاریگەریی تەواوی ئەم پرۆسەیە، پێویستە راپۆرتەكانی نەخۆشخانەیەكی وەك هیوا وەربگیرێت و بەراورد بكرێت."
بۆشایی لە چاودێریكردنی پیسبوونی هەوادا
سەرەڕای ئەو هەنگاوە ئەرێنییە، هێشتا لە هەرێمی كوردستان دامەزراوەیەكی زانستی و پێشكەوتوو بۆ پێوانەكردن و دەرخستنی وردیی رێژەی پیسبوونی هەوا بە گازە مەترسیدارەكان نییە. وێستگەی پێوانەكاریی پیسبوونی هەوا لە سلێمانی ماوەی دوو ساڵە لەكاركەوتووە، هەروەها وێستگەكانی هەولێر و دهۆكیش بەهۆی كۆنییانەوە، داتاكانیان جێی متمانە نین.
بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە، حكومەتی هەرێمی كوردستان پلانی كڕین و دانانی سێ وێستگەی نوێی تۆماركردنی پیسبوونی هەوای هەیە.
ئەو پڕۆژەیە ماوەی دوو ساڵە رەزامەندیی وەزارەتی دارایی لەسەرە و پێویستی بە نیو ملیۆن دۆلارە. چاوەڕوان دەكرێت دوای جێبەجێكردنی ئەو هەنگاوە و بەردەوامیی پڕۆژەی رووناكی، كاریگەرییە ئەرێنییەكان لەسەر پاكبوونەوەی هەوا و ژینگەی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی بەرچاوتر دەربكەون.