کۆنفرانسی هەڵوێستیی پێکهاتەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا لە حەسەکە بەڕێوەدەچێت
رووداو دیجیتاڵ
کۆنفرانسی یەکڕیزی و هەڵوێستی پێکهاتەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا لە رۆژئاوای کوردستان دەستپێکرد و تێیدا گوتار و هەڵوێستی حەوت پێکهاتەی ناوچەکە پێشکێش دەکرێت.
کۆنفرانسەکە ئەمڕۆ هەینی 08ـی ئاب لە ناوەندی رۆشنبیری و هونەریی گەڕەکی خوێرانی شاری حەسەکە دەستیپێکرد و تێیدا نوێنەرانی کورد، عەرەب، دروز، سوریان، ئەرمەن، تورکمان و عەلەوییەکان بەشدارن.
لە کۆنفرانسەکەدا نوێنەرانی پێکهاتەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، هەروەها بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) و ئەنجوومەنی ژنانی هەرێمەکە بەشداری دەکەن.
ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا لە گوتارێکدا لە کۆنفرانسەکە رایگەیاند، "دەنگی پێکهاتەکان بەردی بناغەی هەر چارەسەرێکی سیاسیی راستەقینەیە لە سووریادا."
هەروەها گوتی، ناتوانرێت سووریایەکی نوێ بنیاد بنرێت بەبێ داننان بە مافی هەموو پێکهاتەیەک و زامنکردنی بەشداریی کاریگەریان لە داڕشتنەوەی داهاتوودا.