هەپەگە ناسنامهی سێ گەریلا ئاشكرا دهكات لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە، ناسنامهی سێ گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە ئاشكرا دهكات كه لە شهڕ و پێكدادان لەگەڵ سوپای تورکیا لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە.
رۆژی 8ـی ئەیلوولی 2023، ناوەندی راگەیاندن و چاپهمهنیی هێزەکانی پاراستنی گەل، ناسنامەی ئەو گەریلایانەی ئاشکرا کرد کە رۆژی 26ـی ئابی 2023، لە ناوچەی زاپ لە هەرێمی کوردستان لە شەڕ و پێکدادان لەگەڵ سوپای تورکیا، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چنگ – قوفڵدا گیانیان لەدەستدابوو.
ناسنامەی گەریلاکان بەمشێوەیەیە؛ فەرهاد ئاکدەنیز ناسراو بە دڵگەش زیلان گوزەرەش لەدایکبووی جۆلەمێرگی باکووری کوردستان، هانیفی سایگی ناسراو بە بەرخودان فارقین لەدایکبووی ئامەدی باکووری کوردستان و موحتەرەم کۆچ ناسراو بە مەرڤان وان لەدایکبووی وانی باکووری کوردستان.
هەر ئەمڕۆ، ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی هەپەگە لە راگەیێندراوێکی دیکەدا، کوژرانی سێ سەربازی سوپای تورکیای لە ناوچەی زاپ و برینداربوونی سەربازێکی دیکەی راگەیاند.
رۆژی 7ـی ئەیلوولی 2023ش زەکی ئاکتورک، راوێژکاری پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، هەفتەی رابردوو و لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای وڵاتەکەی لە باشووری کوردستان و رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە 39 گەریلا و شەڕڤان گیانیان لەدەستداوە.
شەڕ و پێکدادانی نێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پەکەکە لە باشووری کوردستان لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدایە تورکیا ناوی ناوە چنگ- قوفڵ کە بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکرد.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی 699 گەریلا و کوژرانی 105 سەربازی سوپای وڵاتەکەی راگەیاندووە؛ هەپەگەش کوژرانی دوو هەزار و 999 سەربازی تورکیا و گیانلەدەستدانی 386 گەریلای راگەیاندووە.