هەولێر و بەغدا لەسەر چەند بابەتێک بەشێوەی بنەمایی رێککەوتن

رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ کۆبوونەوەی هەردوو ئەنجوومەنی وەزاریی عێراق بۆ ئابووری و ئەنجوومەنی ئابووریی هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، لە کۆبوونەوەکەدا لەسەر چەند بابەتێک گفتوگۆ کرا. بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لەسەر هەندێک بابەت بەشێوەی بنەمایی رێککەوتن کراوە و لەسەر هەندێکی دیکە گفتوگۆ بەردەوامن.
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی رووداو لە کۆبوونەوەکە دەستیکەوتوون، لەسەر پرسی کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان کە حکومەتی عێراق پێشتر دەیگوت، دەبێت لە بەغدا مۆڵەت وەربگرن، سەرەڕای هەبوونی مۆڵەتی هەرێمی کوردستان، بەشێوەی بنەمایی گەیشتوونەتە رێککەوتن، کە هەر کۆمپانیایەک مۆڵەتی هەرێمی کوردستانی هەبێت، پێویست ناکات لە بەغداش وەریبگرێت و بە پێچەوانەوەش کۆمپانیاکانی عێراق پێویستیان بە مۆڵەتی هەرێمی کوردستان نابێت، کە لێرە کار بکەن، تەنیا هەردوولا زانیارییەکان لەگەڵ یەکدی ئاڵوگۆڕ دەکەن.
 
لە کۆبوونەوەکەدا تیمی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوایان کردووە، ئەو بازگانە هەڵبگیرێن، کە لەنێوان شارەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەسەر بەرهەمی هەناردەی کوردستان دانراوە، بەڵام لەسەر ئەو خاڵە نەگەیشتوونەتە رێککەوتن.
 
هەر بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەکەدا، تیمی حکومەتی عێراق داوای قەرزی پسولەی خۆراکیان کردووە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەو داوایە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە رەتکراوەتەوە و پێیان گوتوون، ئەگەر باس لەو قەرزانە بکەین، قەرزێکی زۆری هەرێمی کوردستان لەسەر بەغدا هەیە.
 
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا، تیمی ئەنجوومەنی وەزاریی عێراق بۆ ئابووری و تیمی هەرێمی کوردستان بەسەر چەند لیژنەیەکدا دابەش کران، بۆئەوەی لەسەر پرسەکان گفتوگۆ بکەن، چارەسەرەکان دیاری بکەن و لە کۆبوونەوەی سبەیدا رێککەوتنیان لەسەر بکەن.
 
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە ئەنجامدانی سەرژمێری کراوە، حکومەتی عێراق گوتوویانە ئەو سەرژمێرییە بۆ دیاریکردنی نەتەوە نییە، تەنیا ئایین دیاری دەکرێ، سەرژمێرییەکی گەشەپێدانییە، نەک دیاریکردنی نەتەوەیی. بەڵام لەسەر میکانیزمی ئەنجامدانی سەرژمێرییەکە جیاوازی لە نێوان هەردوو تیم هەبووە.
 
لە کۆبوونەوەکەدا فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزاریی عێراق بۆ ئابووری؛ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە وەزیر و بەرپرسە پەیوەندیدارەکانی هەردوولا ئامادەبوون، بەپێی راگەیێنراوی کۆبوونەوەکە "گفتوگۆ لەبارەی چارەسەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان کرا و جەخت لە رێزگرتن لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کرایەوە."
 
لە دەستپێکی کۆبوونەوەدا، وەکو لە راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە کردووە، "ئەگەر خواست و ویستی چارەسەر هەبێت، چارەکردنی کێشەکان ئاسانە و پێویستە رێزگرتن لە دەستوور و رێککەوتنەکان بنەما بێت بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشە و ناکۆکییەکان."
 
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوەش کردووەتەوە، "پێویستە حکومەتی فیدراڵ بە شێوەیەکی دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ هەموو بەشەکانی عێراق بکات و حکومەتی هەموو ناوچە و پارێزگاکان بێت، وەکو چۆن داکۆکی لە مافی هاووڵاتییانی بەسرە و بەغدا دەکات، بە هەمان شێوە پێویستە بەرگری لە مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستانیش بکات."
 
مەسرور بارزانی دووپاتی کردووەتەوە، هەرێمی کوردستان هەرێمێکی دەستوورییە و "دەبێت رێز لە قەوارەی فیدراڵیی هەرێمی کوردستان بگیرێت، لەم چوارچێوەیەدا رەفتار لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت."
 
لە راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا ئەوە خراوەتەڕوو، جێگری سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزاریی عێراق بۆ ئابووری، هاوڕابوو لەسەر گرنگیی و پێویستی چارەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەسەر بنەمای دەستوور، "گوتیشی، هاتنی ئەم شاندە باڵایەش بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکانە."