پسووڵەی خۆراک: تۆمارکردنی ئەلیکترۆنی راگیراوە و لەگەڵ کردنەوەیدا منداڵ و خێزانی نوێ تۆماردەکرێن
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی پسووڵەی خۆراک لە هەولێر دەڵێ، ئەپلیکەیشنی ئەلیکترۆنیی پسووڵەی خۆراک راگیراوە و تاوەکو مامەڵەکان دەستپێنەکەنەوە کەس سەردانیان نەکات. بەڕێوەبەری پسووڵەی خۆراکی سلێمانی دەڵێ، لەگەڵ دەستپێکردنەوەی تۆماردا ناوی منداڵ و خێزانی نوێش تۆمار دەکرێ.
بەڕێوەبەرایەتیی رێکخستنی پسووڵەی خۆراک لە هەولێر ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند: "رۆژانە هاووڵاتییەکی زۆر سەردانمان دەکەن. داوا دەکەین تاوەکو مامەڵە دەستپێدەکاتەوە، هاووڵاتییان ئەزیەت نەکێشن و پێویست ناکات سەردانمان بکەن".
ئاراس محەممەد، بەڕێوەبەری رێکخستنی پسووڵەی خۆراکی سلێمانی ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە 02ـی ئەیلوولەوە تۆمار راگیراوە. تاوەکو ئەمڕۆش کاتی کردنەوەی ئەلیکەیشنەکە رانەگەیێندراوە".
بەڕێوەبەری رێکخستنی پسووڵەی خۆراکی سلێمانی دەڵێ، 86%ـی تەواوی هەرێمی کوردستان فۆرمی ئەلیکترۆنییان پڕکردووەتەوە: "ئەوانەشی پڕیان نەکردووەتەوە، کە کرایەوە دەتوانن پڕی بکەنەوە، بەڵام بە پارە دەبێت".
زیاتر لە دوو ساڵە ناوی منداڵی تازە لەدایکبوو، هەروەها خێزانی نوێ لە فۆرمی خۆراک تۆمار نەکراوە. ئاراس محەممەد دەڵێت: "لەگەڵ کردنەوەی ئەپلیکەیشنەکەدا خزمەتگوزاری گواستنەوەی فۆڕم، منداڵ، خێزانی نوێ، ئەوانەی تۆمارنەکراون، یان ئەو ناوانەی بە هەڵە تۆمارکراون، دەکرێتەوە".
2ـی حوزەیرانی 2025، پڕکردنەوەی فۆرمی ئەلیکترۆنیی خۆراک دەستیپێکرد و بڕیاربوو 01ی ئاب دوایین رۆژ بێ، بەڵام درێژکرایەوە بۆ 25ی ئاب و دوایین جاریش بۆ 01ی ئەیلوول.
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، ئەوانەی تاوەکو 01ی ئەیلوول خۆیان تۆمارنەکردووە، بەشەخۆراکیان دەبڕدرێ تاوەکو ئەوکاتەی ناویان تۆمار دەکەن.
مانگانە لە رێگەی فۆرمی خۆراکەوە لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە دوو ملیۆن و 74 هەزار و 129 کەس، لە پارێزگای هەولێر ملیۆنێک و 984 هەزار کەس و لە پارێزگای دهۆکیش زیاتر لە ملیۆنێک و 320 هەزار کەس بەشەخۆراک وەردەگرن.