قائیمقامی ئیلام هەفتەیەک بۆ 10 رۆژ مۆڵەت دەداتە بەرپرسانی شارەکە لەبارەی خراپیی خزمەتگوزاری
رووداو دیجیتاڵ
قائیمقامی ئیلام سەبارەت بە دۆخی خراپی خزمەتگوازییە گشتییەکان لەنێو شاری ئیلام هۆشداری دەداتە شارەوانی و ئەنجوومەنی شارەکە و ماوەی هەفتەیەک تاوەکو 10 رۆژ مۆڵەتیان دەداتێ، دۆخی خزمەتگوازییەکان باشتر بکەن.
ئیحسان ئەکبەری، قائیمقامی ئیلام رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەرپرسانی پارێزگاری و شارەوانیی شارەکە دۆخی خزمەتگوازییە گشتییەکانیان لەنێو شاری ئیلام تاوتوێ کردووە و گوتی، دۆخی خزمەتگوازییەکان لەنێو شاری ئیلام زۆر خراپە و ناڕەزایەتیی خەڵکی لێکەوتووەتەوە.
ئەکبەری گوتیشی، بەپێی بەدواداچوونە مەیدانییەکان و هەڵسەنگاندنی دامودەزگاکانی چاودێری، ئەدای شارەوانی و ئەنجوومەنی شار لە بواری خزمەتگوازرییە گشتییەکانی نێو شاردا، لەوانەش کۆکردنەوەی زبڵ و پاشماوەی بیناسازی، رێکخستن و پێڕاگەیشتنی پارکەکان، بەرەنگاربوونەوەی بیناسازیی بێ مۆڵەت و باشترکردنی دیمەنی شار، لاوازییەکی گەورەی پێوە دیارە.
قائیمقامی ئیلام هۆشداری دەداتە شارەوانی و ئەنجوومەنی شارەکە و دەڵێت، ماوەی هەفتەیەک تاوەکو 10 رۆژ مۆڵەتیان دراوەتێ، دۆخی خزمەتگوازییەکان باشتر بکەن.
ئیحسان ئەکبەری دەڵێت، "لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار درا کە ئەنجوومەنی شار و شارەوانیی ئیلام لە ماوەی هەفتەیەک تاوەکو 10 رۆژ دا دۆخی خزمەتگوازییەکان باشتر بکەن و هەنگاوی کاریگەر بگرنەبەر بۆ رێکخستنی دۆخی ئێستا و رازیکردنی هاووڵاتییان، بە پێچەوانەوە قائیمقامیەتی ئیلام بە گوێرەی یاسای ئەنجوومەنەکان و لەسەر بنەمای ئەو بەڵگەنامانەی کە هەن، رێوشوێنی یاساییان لە بەرامبەر دەگرێتەبەر."
شاری ئیلام، ناوەندی پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستانە و بە پێی دوایین سەرژمێریی گشتی لە ئێران، ژمارەی دانیشتوانی زیاتر لە 220 هەزار کەسە.