دەستڕێژی گولـلە لە بارەگایەکی حیزبی شیوعی دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
دەستڕێژی گوللـە لە بارەگایەکی حیزبی شیوعیی کوردستان لە نێوان قەرەهەنجیر و چەمچەماڵ کرا. بەرپرسێکی حیزبەکە دەڵێت، زیانێکی زۆری مادی هەبووە و بکەرەکان نەناسراون.
ئەمڕۆ دووشەممە، 8ی ئەیلوولی 2025، هیوا عومەر، جێگری سکرتێری حیزبی شیوعی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "ئێوارەی ئەمڕۆ ئۆتۆمبێلێکی جۆری نیسان پاترۆڵ، لەسەر رێگەی نێوان چەمچەماڵ قەرەهەنجیر، دەستڕێژی گولــلەی لە بارەگاکەمان کرد."
هیوا عومەر گوتی، "بەهۆی دەستڕێژەکەوە، زیانێکی زۆر بەر بارەگا و ئۆتۆمبێلەکانی بارەگاکە کەوتوون، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبوو."
سەبارەت بە تەقەکەرەکان، هیوا عومەر گوتی: "دەستڕێژەکە بە چەند جۆرە چەکێک بووە و دیاریش نییە سەرنشینەکانی ئۆتۆمبێلەکە چەند کەس بوون، دوای دەستڕێژەکەش ئۆتۆمبێلەکە بەرەو چەمچەماڵ و لەوێوە بەرەو سلێمانی هەڵاتووە."
هێزە ئەمنییەکانی چەمچەماڵ و قەرەهەنجیر دەستیان بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لە رووداوەکە کردووە. هیوا عومەر گوتی، "تاوەکو ئێستا بکەرەکان ئاشکرا نەکراون و لێکۆڵینەوە بەردەوامە؛ هێزە ئەمنییەکان تەماشای کامێراکانی ئەو ناوچەیە دەکەنەوە."