شاسوار عەبدولواحید دەستەیەکی 7 کەسی پێکدەهێنێت بۆ بەڕێوەبردنی کارەکانی نەوەی نوێ


رووداو دیجیتاڵ

نەوەی نوێ دەڵێت، دوای سزادانی شاسوار عەبدولواحید، بڕیار دراوە 7 کەس سەرپەرشتیی جووڵانەوەکە بکەن و ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکەن. یەکێک لەوانەی دیاریکراوە دەڵێت: "دەستەکە کاک شاسوار خۆی دیاریکردووە".

جووڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند: "شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەکەمان پێش دەستگیرکردن و حوکمدانی لە دادگای سلێمانی، 7 کەسی وەک دەستەیەک دەستنیشان کرد بۆ بەڕێوەبردن و سەرکردایەتیکردنی جووڵانەوەکە و کاروبارەکانی هەڵبژاردن".
 
یەکێک لەو کەسانەی سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ دیاری کردووە، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دەستەکە پێکدێ لە سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆن لە پەرلەمانی عێراق؛ کوردەوان جەمال، سەرۆکی فراکسیۆن لە پەرلەمانی کوردستان و هەریەکە لە رێبوار ئەوڕەحمان، کاوە عەبدولقادر، سیپان ئامێدی، ئومێد محەممەد و فارووق غەفوور".
 
شاسوار عەبدولواحید، 12-08-2025 کاژێر 10ـی شەو لە ماڵەکەی خۆی لە شاری سلێمانی دەستگیرکرا، لە دانیشتنی سێیەمی دادگەدا رۆژی 02ـی ئەم مانگە بە پێنج مانگ بەندکردن سزادرا.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی نەوەی نوێ، سەرۆکی جووڵانەوەکە پێشتر دەستەکەی دیاریکردووە کە لە ئامادەنەبوونی خۆیدا ئەرکەکان راپەڕێنن و دەڵێ: "هەر لەگەڵ دەستگیرکردنیدا دەستەکە دەستبەکاربوو و تاوەکو ئازادکردنی شاسوار عەبدولواحیدیش کاروبارەکان بەڕێوەدەبات".
 
نەوەی نوێ رایگەیاندووە، دوای دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید کاری خۆیان لەسەر ئەوە نەخشەیە دەکەن کە سەرۆکەکیان بۆی دیاریکردوون.
 
نەوەی نوێ 15 کورسی لە پەرلەمانی کوردستان و 9 کورسی لە پەرلەمانی عێراق هەیە.
 
سزادانی شاسوار عەبدولواحید لەسەر سکاڵای پەرلەمانتارێکی پێشووتری بزووتنەکە لەکاتێکدایە، بڕیارە 11ـی مانگی 11ـی ئەم ساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێ و نەوەی نوێش یەکێکە لە لیستە بەشدارەکان.