رۆژنامەنووسانی رووداو دەدرێنە بەر چەقۆ

 

تیمێکی تۆڕی میدیایی رووداو لەکاتی رووماڵکردندا لەلایەن کۆمەڵێک لە لایەنگرانی پەیەدە دەدرێنە بەر هێرش و  چەقۆ بەکاردێنن. 

رۆژی ٨-١٠-٢٠١٤ لە شاری هەولێر-ی پایتەختی باشووری کوردستان هەریەکە لە محەممەد عیزەدین و هەژار ئەرگۆشی و زەردەشت خان، کامێرامانان و ریپۆرتەرانی رووداو، لەلایەن گرووپێکەوە دەدرێنە بەر چەقۆ و بەوهۆیەشەوە بەسەختی بریندار دەبن. ئەو هێرشەی سەر رۆژنامەنووسانی رووداو درێژکراوەی ئەو هەڕەشانەیە کە لە رۆژئاوای کوردستانەوە بە دەرکردنی ریپۆرتەرەکانمان لە قامشلۆ و عەفرین دەستیانپێکرد و تاوەکو ئەمڕۆ درێژەیان هەیە.

 لەماوەی رابردوودا ریپۆرتەرەکانی ئەوروپای رووداو بە چەقۆ هەڕەشەیان لێکرا، بەداخەوە ئەمڕۆ هەڕەشەکە لە هەولێر بووە کردەوە. ئەمە یەکەمجار نییە رۆژنامەنووسانی رووداو دەکەونە بەر هەڕەشە. مانگێک بەر لە ئێستاش هاوکارمان رەنگین شەرۆ لە هەولێر هێرشی کرایەسەر. هەروەها هاونیشتمانییەکیش لە پەخشی راستەوخۆی رووداودا لەلایەن هەمان گرووپەوە هێرشی کرایەسەر. 

لە نووسینگەکانی ئامەد و ئەنقەرە و ئیستەنبوڵیش هەڕەشە لەسەر رۆژنامەنووسانی رووداو بە بەردەوامی هەبووە. 

تۆڕی میدیایی رووداو کاربەدەستانی حکومەتی کوردستان و کانتۆنەکانی پارتی یەکێتی دیموکراتی( پەیەدە) و حکومەتی تورکیا بە بەرپرسیار دەزانێت لە پاراستنی گیان و سەلامەتیی رۆژنامەنووسانی لە پارچەکانی کوردستان. داواش لە ئازایدیخوازانی ناو پارتی کرێکارانی کوردستان و رێکخراو و دامەزراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان دەکات لەسەر ئەو پێشێلکارییانەی بەرامبەر رۆژنامەنووسانی دەکرێن بێنە دەنگ. هەروەها سوپاسی هاونیشتیمانیان و دەزگا ئەمنییەکان دەکەین کە چوون بەدەم کارمەندەکانمانەوە.

 رێکاری یاسایی خۆمان دەگرینە بەر و بینەران وبیسەران و خوێنەرانی رووداو دڵنیادەکەینەوە رووداو لەسەر رێبازی پیشەیی و کوردستانییانەی خۆی و داماڵراو لە هەژموونی سیاسییەکان و پارتەکان بەردەوام دەبێت.

 تووندوتیژی رووماڵی رووداو راناگرێت. 

تۆڕی میدیایی رووداو

هەولێر - باشووری کوردستان

٨-١٠-٢٠١٤