زێرەڤانی: ئەگەر کۆمیسیۆن گرفتەکان چارەسەر نەکات 40٪ی پێشمەرگەکانمان ناتوانن دەنگ بدەن

رووداو دیجیتاڵ
 
گوتەبێژی فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی زێرەڤانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ئەگەر کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کێشە تەکنیکییەکانی دەنگدان چارەسەر نەکات، رێژەی دەنگدان ناگاتە 40%.
 
ئەمڕۆ هەینی 8-10-2021، عەمید دێدەوان خورشید، گوتەبێژی فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی زێرەڤانی، لەبارەی دەنگدانی تایبەتەوە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، هەر قوتابخانەیەک کە پێنج وێستگەی تێدایە بۆ ئەوان دیاریکراوە کە دوو هەزار بۆ دوو هەزار و 500 کەس دەنگی تێدا بدەن و گوتی: "زیاتر لە 3 کاژێر و نیوە پرۆسەی دەنگدان دەستیپێکردووە و کەمتر لە 20%یان توانیویانە دەنگ بدەن".
 
گوتەبێژی زێرەڤانی ئاماژەی بەوەکرد، کە ئامێری دڵنیاکەرەوەکان گرفتیان هەیە و گوتی: "کارتی دەنگدان ناخوێنێتەوە و دەبێت دوو بۆ سێ جار لە ئامێرەکە بدرێت پاشان دەیخوێنێتەوە".
 
عەمید دێدەوان خورشید هەروەها باسی لە گرفتەکانی پەنجەمۆر کرد و گوتی: "یەکێک لە کێشە سەرەکییەکان پەنجەمۆرە. دەنگدەر کارتەکەی دەخوێنێتەوە و پێناسی فەرمیشی پێیە، دوای ئەو هەنگاوانەش پەنجەمۆرەکە ناخوێنێتەوە. دوای چەندینجار پەنجە پاککردنەوە دەیخوێنێتەوە، دوای خوێندنەوەی پەنجەمۆریش بەدواداگەڕانی ناوەکە و واژۆ و دیسان جارێکی دیکە پەنجەمۆرکردن بۆ ئەو کەسە، ئەمە پرۆسەکەی خاوکردووە".
 
عەمید دێدەوان خورشید روونیکردەوە "بەپێی ئەو کاتەی کە کۆمیسیۆن بۆ دەنگدان دیاری کردووە کە 11 کاژێرە، ئێمە لێکمانداوەتەوە بۆ هەر کەسێک یەک خولەک و 10 چرکە بەسە بۆ ئەوەی دەنگبدات، بەڵام هیچ کەسێک کە داخڵ بووە بە کەمتر لە سێ خولەک نەیتوانیوە دەنگ بدات. بەو شێوەیە بێت کەمتر لە 50%ی دەنگدەری تایبەت دەتوانن دەنگ بدەن. بۆیە ئەگەر کۆمیسیۆن گرفتەکان چارەسەر نەکات تەنیا 40٪ی هێزەکانمان دەتوانن دەنگ بدەن". 
 
ئەمڕۆ لە کاژێر 07:00ی بەیانییەوە دەنگدانی تایبەت دەستیپیكرد و تاوەکو کاژێر 06:00ی ئێوارە بەردەوام دەبێت. بۆ دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 331 هەزار و 600 کەس دەنگدەدەن. بڕیارە رۆژی 10-10-2021، هەڵبژاردنی گشتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت و تێیدا 24 ملیۆن و 907 هەزار و 679 کەس مافی دەنگدانیان هەیە.