شارەزایەکی هەڵبژاردن: بەشێک لە گرفتی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر پەیوەندیی بە نەخۆشیی شەکرەوە هەیە
رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی لە دەنگدانی تایبەتدا گرفت لە خوێندنەوەی پەنجەمۆری دەنگدەران هەیە. شارەزایەکی هەڵبژاردنیش هۆکاری گرفتەکە دەخاتەڕوو و دەشڵێت، کۆمیسیۆن هیچ بەدیلێکی بۆ پەنجەمۆر نییە.
ئەمڕۆ هەینی 8-10-2021، لەگەڵ دەستپێکردنی دەنگدانی تایبەتدا گرفت بۆ دەنگدەران لە پەنجەمۆردا دروستبوو. هۆگر چەتۆ، بەڕێوەبەری تۆڕی شەمس بۆ چاودێری هەڵبژاردن بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەدواداچوونمان کردووە لە سنووری دهۆک بەهۆی کێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆرەوە چەند کەسێک بێبەشکراون لە دەنگدان".
بە گوتەی هۆگر چەتۆ، ئەوان پێشتر پێشبینی ئەو گرفتەیان کردبوو، لەبارەی هۆکارەکەشییەوە گوتی: "ئامێرەکان زۆر بەکاردەهێنرێن و جێگرەوەشیان نییە. هەروەها هەندێک لە گرفتی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر پەیوەندی بە خودی دەنگدەرەوە هەیە، بە تایبەتی ئەوانەی نەخۆشیی شەکرەیان هەیە".
بەڕێوەبەری تۆڕی شەمس بۆ چاودێری هەڵبژاردن دەشڵێت، کۆمیسیۆن پێشتر دڵنیایی داوە کە ئەم ئامێرانە زیرەکترن لەوانەی رابردوو بۆ خوێندنەوەی پەنجەمۆر، بەڵام وەک "دەبینین گرفتیان دروستکردووە".
سەبارەت بە چۆنیەتی چارەسەرکردنی گرفتی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر، هۆگر چەتۆ گوتی: "هیچ چارەسەرێک نییە و کۆمیسیۆن هیچ بەدیلێکی دانەناوە. تەنیا لە رێگەی پەنجەمۆرەوە دەنگ دەدرێت".
هۆگر چەتۆ گوتیشی: "پەنجەمۆر، کاخەزی دەنگدان و سندووقی دەنگدان هەموویان گرێدراوی یەکن. هەر دەنگێک پەنجەمۆری نەخوێنێتەوە سندوقەکەش دەنگەکە ناژمێرێت و نایخوێنێتەوە".
ئەمڕۆ هەینی بۆتان شێرکۆ جاف، بەرپرسی هونەریی نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەبارەی کێشەکانی نەخوێندەوەی پەنجەمۆرەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "10 خولەکێک گرفت لە هەولێر هەبووە و سەرجەم کێشەکان چارەسەرکراون و هەموو ئەوانەی مافی دەنگدانی تایبەتیان هەیە دەتوانن دەنگ بدەن".
بەڵام جەلیل عەدنان خەلەف، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەمڕۆ هەینی لە بەغدا بە رووداوی راگەیاند، هیچ ئامێرێکی دەنگدان لە کاتی دەنگدانی تایبەت لە کار نەکەوتووە.
لە کاژێر 07:00ی بەیانی ئەمڕۆ 8-10-2021ـەوە، دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق دەستیپێکردووە و تاوەکو کاژێر 06:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ بەردەوام دەبێت.
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 331 هەزار و 600 کەس لە دەنگدانی تایبەتدا دەنگدەدەن. بڕیارە رۆژی 10-10-2021، هەڵبژاردنی گشتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت و تێیدا 24 ملیۆن و 907 هەزار و 679 کەس مافی دەنگدانیان هەیە.