وەزارەتی بەرگریی تورکیا بۆردوومانکردنی 6 دامەزراوەی یەپەگە لە رۆژئاوای کوردستان رادەگەیێنێت
رووداو دیجیتاڵ
لە نوێترین راگەیێندراویدا، وەزارەتی بەرگریی تورکیا بۆردوومانکردنی شەش پێگە و دامەزراوەی یەکینەکانی پاراستنی گەل - یەپەگەی لە رۆژئاوای کوردستان بڵاوکردەوە.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "کاژێر 22:00ی شەوی 8ـی تشرینی یەکەمی 2023، هێزە ئاسمانییەکانمان، شەش پێگە و دامەزراوەی رێکخراوی تیرۆریستیی جوداخواز لە باکووری سووریا بۆردوومان کرد. تەواوی ئامانجەکان پێکران و تێکشکێندران کە خۆیان لە بنکەی چەکداری، جبەخانە، حەشارگە و دامەزراوەی نەوتی دەگرێتەوە."
دەشڵێت: "لەم ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەدا، تەواوی تەقەمەنییە بەکارهاتووەکان خۆماڵین و ژمارەیەکی زۆر لە "تیرۆریستان" کراونەتە ئامانج. دووپاتی دەکەینەوە، لە بۆردوومان و تۆپبارانەکاندا خەڵکی سڤیل، لایەنی دۆست، شوێنە مێژوویی و کولتوورییەکان زیانیان بەرناکەوێت."
هاوکات، ئەمڕۆ یەکشەممە 8ـی تشرینی یەکەمی 2023، هێزەکانی هەسەدە لە دوایین راگەیێندراویدا دەڵێت، "هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی یابیسە لە نزیک گرێ سپی و ناوچەکانی دەوروبەریدا بەهۆیەوە، شەش سەربازی سوپای تورکیا کوژران و حەوت سەربازی دیکەش برینداربوون".
هەروەها جەخت لەوە دەکاتەوە، "فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا وێستگەیەکی کارەبای تقل بقل لە ناوچەی دێرک و هەروەها پێگەکانیان لە دەشتەکانی عامودێ و تلرفعەت و شەهبا بۆردوومانکرد.
هەسەدە رۆژی 5ـی تشرینی یەکەمی 2023یش هێرشێکیان کردبووە سەر بنکەیەکی سەربازیی تورکیا لە ناوچەی دابق و لە ئەنجامدا پێنج سەرباز کوژراون و 12 سەربازی دیکەش بریندار بوون.
ئەم بۆردوومانەی سوپای تورکیا لە کاتێکدایە، رۆژی 1ـی تشرینی یەکەمی 2023، دوو گەریلای پەکەکە هێرشێکی خۆکوژیان کردە سەر بارەگای سەرەکیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی تورکیا و دواتر سوپای تورکیا دەستی بە بۆردوومانکردنی چڕی باشوور و رۆژئاوای کوردستان کردووە.