دروشمی 4=2+2 مانای چییە؟ لیستی 'ئەبشر یا عێراق' خاوەنییەتی

رووداو دیجیتاڵ
 
لیستی 'ئەبشر یا عێراق'، کە لە ژمارەیەک هێز، لایەنی سیاسی و پەرلەمانتاری ئێستای پەرلەمانی عێراق پێکهاتووە و ژمارەکەی لە هەڵبژاردندا 224ـە، دروشمێکی سەرنجڕاکێشی هەڵبژاردووە: "دوو کۆی دوو دەکاتە چوار، هەڵە قبوڵ ناکات". ئەم دروشمە لە گۆڕەپانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی عێراقدا دەنگدانەوەی زۆری هەبووە، لە نێوخۆی هەرێمی کوردستانیش دەنگی دایەوە وەکو ئەوەی وەڵام بێ بۆ دروشمی ' دوو دانە دوو دەکاتە  یەک'.
 
هومام حەموودی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی و یەکێک لە پێکهێنەرانی لیستەکە، روونکردنەوەی لەبارەی مانای دروشمەکە دا و رایگەیاند: "نامانەوێت بە هەڵە لێکبدرێتەوە. کاتێک دەڵێین دوو کۆی دوو دەکاتە چوار، واتە حیساباتمان وردە. کاتێک بڕیارێک دەدەین، بڕیارەکەمان راست و دروستە و ناکەوینە هەڵەوە، وەکو چۆن دوو کۆی دوو دەکاتە چوار و گومانی تێدا نییە".
 
حەموودی لەبارەی بەشەکەی دیکەی دروشمەکە کە دەڵێت: "ئێمە بەرەو چاکسازی دەچین. هەر هەڵە و لادانێک ببینین، رووبەڕووی دەبینەوە".
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی ئاماژەی بەوەش کرد، دروشمەکە دوو مانای هەیە: "یەکەم، حیساباتمان ورد و دروستە. دووەم، ژمارە 224 ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەم لیستە بەرەنگاری لادان دەبێتەوە و بەدواداچوون بۆ هەڵەکان دەکات".
 
هومام حەموودی، جەختی لە پابەندبوونی لیستەکەیان بە پڕۆژەی چاکسازی کردەوە و گوتی: "ئێمە لەگەڵ پڕۆژەی چاکسازین و دەستبەرداری نابین، هەڵە قبوڵ ناکەین و بە پشتیوانیی خودا چاکسازی بەدی دەهێنین".