راوێژکارێکی وەزارەتی دەرەوەی سووریا دەڵێت، پێویستە مافی هەموو پێکهاتەکان لە وڵاتەکەی پارێزراوبێت
رووداو دیجیتاڵ
لە دووەم رۆژی دیداری ساڵانەی مێری لە شاری هەولێر، پانێڵێکی تایبەت بە ناونیشانی (سووریا؛ گەڕان بەدوای یەکریزی) بەڕێوەچوو.
لە پانێڵەکەدا هەریەکە لە ئیگناتۆس ئەفرایمی دووەم، سەرۆکی کەنیسەی سریانی ئەرتۆدۆکسی سووریا؛ نەجیب غەدبیان، راوێژکاری وەزارەتی دەرەوە و کۆچبەرانی سووریا و زۆزان عەلووش، نوێنەری سەکۆی دیفاکتۆ بۆ دیالۆگ لە سووریا بەشداربوون و تێیدا گفتوگۆیەکی تێروتەسەل لەبارەی داهاتووی سووریا و رۆڵی پێکهاتەکان کرا.
"داهاتووی سووریا لە بەشداریپێکردنی هەموو لایەکدایە"
زۆزان عەلووش، نوێنەری سەکۆی دیفاکتۆ بۆ دیالۆگ لە سووریا ئاماژەی بە رۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە بەشێکی بەرچاوی خاکی رۆژئاوای کوردستان و سووریادا کرد، بەتایبەتی لە کاتی شەڕی دژی داعشدا.
زۆزان عەلووش باسی دانوستاندنی نێوان بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و دیمەشقی کرد و بە پرۆسەیەکی درێژخایەن ناوی برد.
نوێنەرەکەی سەکۆی دیفاکتۆ بۆ دیالۆگ لە سووریا جەختی لەسەر پێویستیی زمانی دیالۆگ و دانوستاندن لە سووریا بە مەبەستی نەهێشتنی بەربەستەکان کردەوە و گوتی، تووندوتیژی بەشێکە لە رابردوو و نابێ دووبارە بێتەوە؛ هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە یەکپارچەیی خاکی سووریا یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکان بۆ دانوستاندنەکان.
زۆزان عەلووش لەوبارەیەوە گوتی، "زەوینەیەکی ئەرێنی بۆ دانوستاندن هەیە، ئەویش ئەوەیە کە زمانی دیالۆگ و دانوستاندن لە سووریادا گرنگترینە. دەبێت تووندوتیژی بەشێک بێت لە رابردوو؛ نابێت بەشێک بێت لە هیچ پرۆسەیەکی داهاتوو. دڵنیام لەسەر بنەما گشتییەکان رێکدەکەوین و یەکێک لەوانیش یەکپارچەیی خاکی سووریایە."
نوێنەرەکەی سەکۆی دیفاکتۆ بۆ دیالۆگ لە سووریا سیستمی ناناوەندی بە چارەسەرێکی گونجاو بۆ یەکخستنەوەی سووریا ناوبرد، بە لەبەرچاوگرتنی جیاوازی و تایبەتمەندی ناوچەکانی باشوور، باکووری رۆژئاوا، باکوور و رۆژهەڵات و ناوچەکانی سەر کەناری دەریای نێوەڕاست.
سەبارەت بە دەستوور و پرۆسەی سیاسی، عەلووش رایگەیاند، شۆڕشی سووریا لەبەر کێشەی نان نەبوو، بەڵکو لەبەر کێشەیەکی بنەڕەتیی سیاسی و بەشداریپێنەکردنی هاووڵاتیان و پارتەکان بوو لە بەڕێوەبردن.
"پێکهاتەکان لە سووریادا"
نەجیب غەدبیان، راوێژکاری وەزارەتی دەرەوە و کۆچبەرانی سووریا ئاماژەی بەوەدا کە دەسەڵاتی ئەسەد پرسی پێکهاتەکانی بۆ مەبەستی خۆی بەکاردەهێنا. سەرەڕای ئەوەش، هەموو سووریاییەکان بەدەست ستەمکارییەوە ناڵاندیان.
غەدبیان باسی پێشهاتەکانی ئیدلبی کرد و گوتی، "دەستەی تەحریری شام" بە قۆناخی گرنگدا تێپەڕی، لەوانە خۆجیاکردنەوە لە داعش و پچڕاندنی پەیوەندی لەگەڵ قاعیدە.
نەجیب غەدبیان جەختی لەسەر پێویستیی بنیادنانەوەی سووریا و دروستکردنی "گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیی نوێ" کردەوە کە تێیدا هەموو سووریاییەکان، بە پێکهاتەی کوردیشەوە، مافەکانیان پارێزراو بێت.
سەبارەت بە دەستوەردانی دەرەکی، غەدبیان گوتی، کێشەی سووریا شەڕی نێوان سووریاییەکان نەبوو، بەڵکو شەڕێکی هەرێمی و نێودەوڵەتی بوو؛ ئاماژەی بەوەشکرد، سەرکردایەتیی نوێ دەیەوێ پەیامی سەقامگیری بداتە جیهان و نەبێتە سەرچاوەی ناسەقامگیری بۆ وڵاتانی دراوسێ.
راوێژکارەکەی وەزارەتی دەرەوەی سووریا خواستی حکومەتی نوێی وڵاتەکەی بۆ هەبوونی پەیوەندیی باش لەگەڵ ئەمریکا، یەکێتیی ئەورووپا و پاراستنی پەیوەندی لەگەڵ رووسیا دووپات کردەوە.
غەدبیان باسی دوو کێشەی گەورەی ناوچەیی کرد. یەکەم، ئیسرائیل کە بەردەوام هێرش دەکاتە سەر سووریا. دووەم، ئێران کە وەک یەکێک لە "دۆڕاوەکان"ی رووداوەکانی ناوچەکە ناوی برد، بەڵام جەختی لەسەر پێویستیی گەیشتن بە جۆرێک لە پەیوەندیی ئاسایی لەگەڵی کردەوە.
"سووریا وەک فاکتەرێکی سەقامگیری"
ئیگناتۆس ئەفرایمی دووەم، سەرۆکی کەنیسەی سریانی ئەرتۆدۆکسی سووریا جەختی لەسەر ئەو خاڵانە کردەوە کە غەدبیان ئاماژەی پێکردن، لەوانەش پێویستیی گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ سووریا.
سەرۆکی کەنیسەی سریانی ئەرتۆدۆکسی سووریا رایگەیاند، سووریا بەهۆی شوێنە جوگرافییەکەی و فرەچەشنییە نێوخۆییەکەیەوە دەتوانێت ببێتە "فاکتەری سەقامگیری و بەیەکەوەبەستنەوە"، نەوەک تەنیا لە رووی بازرگانییەوە، بەڵکو لە رووی کولتووری و شارستانیشەوە.
ئیگناتۆس ئەفرایمی دووەم پەیامە "ئەرێنی"یەکانی سەرکردایەتیی نوێی سووریای بۆ وڵاتانی دراوسێ و جیهان بەرز نرخاند کە بە دوورکەوتنەوە لە ناردنە دەرەوەی چەک و مادە هۆشبەرەکان، دەیانەوێ متمانە دروست بکەنەوە و سووریا بگێڕنەوە سەر رێچکەی ئاوەدانکردنەوە.