عەلی باپیر: گومانم هەیە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکرێت
رووداو دیجیتاڵ
عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان دەڵێت: "لە هەرێمی کوردستان حکومەتداری ستاندارد نییە و حیزب لە حکومەت گەورەترە." لەبارەی رۆڵی ئۆپۆزیسیۆنیش گوتی، نەیانتوانیوە ببنە جێگرەوەی دەسەڵات.
عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری رۆژی چوارشەممە لە هەڤپەیڤینێکدا، کە لە دووەم رۆژی دیداری میری لەگەڵی کرا رایگەیاند: "هەر کۆمەڵگەیەک رای جیاواز و رای رەخنەگری تێدا نەبێت، واتای ئەوەیە کۆمەڵگەیەکی مردوو یان سەرکوتکراوە، یان ئەوەتا کۆمەڵگەکە خۆی زیندووێتی تێدا نییە. هەرێمی کوردستان."
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان یەکێکە لە حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانی کوردستان، عەلی باپیر لە بارەی ئۆپۆزیسیۆن لە هەرێمی کوردستان گوتی: "ئۆپۆزیسیۆن کاریگەری هەبووە، بەڵام نەیتوانیوە ببێتە جێگرەوەی دەسەڵات."
بە بڕوای عەلی باپیر ئۆپۆزیسیۆن "کەموکوڕی" هەیە، و دەڵێت: "یەکێک لە کەموکوڕییەکانی پەرش و بڵاوییەتی، هۆکارەکەشی ئەوەیە هەندێک لە ئۆپۆزیسیۆنەکان خاوەنی بیروڕای خۆیان نین."
دەشڵێت، بەشێک لە حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکان "دروستکراون"، گوتیشی، "هەندێکیان وەکو کۆلارە هەڵیانداوە، هەرکاتێک ئیشیان پێی نەما دەینیشێننەوە."
هەر سەبارەت بە ئۆپۆزیسیۆن، عەلی باپیر گوتی: "بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنەکان هەن کە داخراون، هەندێک لە ئۆپۆزیسیۆنەکانیش لەلایەن حیزبەکانی دەسەڵاتەوە هەوڵ دەدرێت دەستەمۆ بکرێن و کەسایەتییەکانیان بکڕن."
سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی رەخنەی لە هەندێک لایەنی ئۆپۆزیسیۆن گرت و گوتی: "خەڵکی هەبوون بەناوی ئۆپۆزیسیۆنەوە قسەیان کردووە و دوایی دەرچووە کە وانەبووە."
بە بڕوای عەلی باپیر، "ئۆپۆزیسیۆن لە هەرێمی کوردستاندا تەوژمە، ئەو نووسەر و رەخنەگرانەی کە قسە دەکەن ئەوانەش بەشێکن لە ئۆپۆزیسیۆن."
عەلی باپیر پێیوایە بەهێزبوونی حیزبەکانی دەسەڵات بەهۆی هەندێک لە کاریگەرییە هەرێمییەکانە و نموونە بە تورکیا و ئێران دەهێنێتەوە، کە بە گوتەی ئەو، "پشتگیری ئەو حیزبانە دەکەن کە هاوسنووری خۆیانن، چونکە بەرژەوەندیی ئابووری و ئەمنییان لەگەڵیاندا هەیە."
هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیزاین کراوبوو
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە پار کرا، تەنیا سێ کورسی بەدەستهێنا، بەڵام بایکۆتی پەرلەمانی کرد و پەرلەمانتارەکانی سوێندیان نەخوارد.
سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری گوتی، "ئێمە دووجار کشاوینەتەوە، جارێک لە پەرلەمان لە خولی رابردوو، لەبەرئەوەی بەڵگەمان هەبوو هەڵبژاردنی رابردوو دیزاین کراوبوو. سێ کورسیمان پێدرابوو، لەکاتێکدا پێمانوابوو نزیکەی هەشت بۆ 10 کورسی بەدەستبهێنین."
گوتیشی، "لە کابینەی پێشووتری حکومەت کشاینەوە، چونکە خەڵک خۆپێشاندانی دەکرد و مووچەی خەڵک نەدەدرا، ئێمەش وەکو بەدەنگەوە هاتنێک بۆ خەڵکی، کشاینەوە."
پاساو بۆ بایکۆتەکەیان دەهێنێتەوە و دەڵێت: "ئێمە پێمانوانییە ئەگەر هیچت پێنەکرێت هەر لە پەرلەماندا بمێنیتەوە، دەبێت پێوەرەکە ئەوەبێت کە پەرلەمان و دامەزراوەکان تاوەکو چەند لە خزمەتی خەڵکدایە."
"گومانم هەیە هەڵبژاردنی عێراق بکرێت"
هەرچەندە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستیپێکردووە و بڕیارە 11-11-2025 هەڵبژاردن بکرێت، بەڵام سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری گومانی هەیە هەڵبژاردنەکە بکرێت و گوتی: "جۆرێک لە دوودڵی و گومانم هەیە کە هەڵبژاردنی عێراق بکرێت، چونکە پێموایە رووداوگەلێک روودەدەن کە هەڵبژاردن پەکدەخات و ناکرێت، لەوێش ئەوکاتە بەشداری دەکەین لە پەرلەمان کە دیزاین نەکراوبێت".
لەم هەڵبژاردنەدا هیچ هاوپەیمانییەک لە نێوان هێزە کوردییەکان نەکراوە، لە کاتێکدا هێزە عەرەبییەکان بە هاوپەیمانیی گەورە بەشدارن. سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری لەو بارەیەوە گوتی: "چەندینجار هەوڵمانداوە لایەنە کوردییەکان کۆبکەینەوە و دەستپێشخەریمان کردووە، بەتایبەتی بۆ ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بەڵام سەری نەگرتووە و لایەنێک هەبووە رەتی کردووەتەوە."