تۆماری حوکمەکانی مەزهەبی جەعفەریی شیعە چووە واری جێبەجێکردنەوە

رووداو دیجیتاڵ

تۆمارگەی حوکمە شەرعییەکانی مەزهەبی جەعفەریی شیعە بە فەرمی چووە واری جێبەجێکردن، کە تایبەتە بە پرسەکانی باری کەسیی ئەو مەزهەبە لە عێراق، بە گوتەی ئەندامێکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانى عێراق، لە ئەمڕۆوە دادگەکان دەتوانن کاری پێ بکەن و رێنمایی بۆ دەردەکرێت.
 
رۆژی چوارشەممە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی تۆمارگەی حوکمە شەرعییەکانی مەزهەبی جەعفەریی شیعەی بڵاوکردەوە، کە پاشکۆی هەموارى یاسای باری کەسییە.
 
تۆمارگەکە 337 بڕگەیە و لە 27ى ئابی ئەم ساڵ لە پەرلەمانی عێراق دەنگى لەسەر درا، کە تایبەتە بە رێکخستنی پرسی هاوسەرگیری، میرات و پرسەکانی دیکەی تایبەت بە باری کەسیی شیعە لە عێراق و یەکەمجارە لە دادگەکان کاری پێ بکرێت.
 
دارا سێکانیانى، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "لە ئەمڕۆوە ئەو تۆمارگەیەی حوکمە شەرعییەکانی مەزهەبی جەعفەری دەکەوێتە بواری جێبەجێکردن و دەبێت لە دادگەکانی کارى پێی بکرێت و پابەند بن پێوەى و بۆ جێبەجێکردنی، دادگەکان رێنمایی تایبەتی بۆ دەردەکەن."
 
هەموارى یاسای باری کەسی لە 21ی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ لە پەرلەمان دەنگی لەسەر درا، 17ی شوبات لە رۆژنامەی وەقائیعیی عێراقی بڵاوکرایەوە و چووە بواری جێبەجێکردن، بەڵام لە هەموارەکەدا ئاماژە بەوەدراوە، پێویستە وەقفی شیعە تۆمارگەیەکی حوکمەکانی مەزهەبی جەعفەری ئامادە بکات بۆ ئەوەی پەرلەمان دەنگی لەسەر بدات، کە تایبەتە بە وردەکاریی مامەڵەی دادگەکان لەگەڵ پرسەکانی تایبەت بە هاوسەرگیری و جیابوونەوە لەنێو شیعەدا.
 
بەگوێرەی هەموارەکە ئەو کوڕ و کچەی لەسەر مەزهەبی جەعفەریی شیعە هاوسەرگیری دەکەن و گرێبەستی هاوسەرگیرییەکەیان لە دادگەی باری کەسی تۆمار دەکرێت، ناتوانن دواتر بژارەی مەزهەبەکەیان لەو هاوسەرگیرییە بگۆڕن.