مەزڵووم کۆبانێ: لە راگەیاندنی ئاگربەستەکەوە 182 هەڤاڵمان شەهیدبوون
رووداو - هەولێر
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە دەڵێت، تورکیا و گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سووریای نزیکی لەسەر هێرشەکانیان بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان بەردەوامن و لە راگەیاندنی ئاگربەستەکەوە 182 هەڤاڵمان شەهیدبوونە.
مەزڵووم کۆبانێ لە تویتێکدا نووسیویەتی، "لەگەڵ تێپەڕبوونی هەر کاژێرێکدا تورکیا و چەکدارانی نزیک لە تورکیا رووبەری زیاتر دەگرن".
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات ئاماژە بەوە دەکات، لەو کاتەوەی ئاگربەستەکە لەسەر بنچینەی رێککەوتنی نێوان تورکیا و ئەمریکا راگەیێندراوە، 182 شەڕڤان و "دەیان هاووڵاتی سڤیل گیانیان لەدەستداوە، 30 هەزار کەسی سڤیل ئاوارەبوون، هەزار و 100 کیلۆمەتر دووجا داگیرکراوە".
مەزڵووم کۆبانێ دەڵێت، هەسەدە پابەندی رێککەوتنەکە بووە، ئەوەش بە مەبەستی پاراستنی "خەڵکی خۆمان لە کوژران و ئاوارەبوون. پرۆگرامە سەرکەوتووەکانی دژی تیرۆریستان و ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانمان بۆ دڵنیابوونەوە لە تێکشکاندنی داعش دەستیانپێکردەوە و ئێستاش لەگەڵ هێزە ئەمریکییەکان بیرە نەوتەکان دەپارێزین".
هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە رایگەیاند، لەمیانی پێکدادانەکاندا 13 چەکداری سوپای نیشتمانی سووریای نزیک لە تورکیا کوژراون و 19 چەکداری دیکەشیان برینداربوون و لە 24 کاژێری رابردووش 12 شەڕڤان گیانیان لەدەستداوە و 7 شەڕڤانی دیکەش برینداربوون.
هاوکات فەرماندەیی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە راگەیێندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە، تورکیا پابەندی ئاگربەست نەبووە و پێویستە ئەمریکا وەک گەرەنتیکار وەڵامی ئەو پێشێلکارییانە بداتەوە کە تورکیا و گرووپە چەکدارە نزیکەکانی ئەنجامیان دەدات.
دەقی راگەیێندراوەکەی هەسەدە
دەوڵەتی تورکیا، سوپاکەی و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا پابەند نەبوون بە رێککەوتنی ئاگربەست، کە لەگەڵ ئەمریکا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هەسەدە لە رۆژی 17ی تشرینی یەکەم کرا، سەرەڕای ئەوەی هێزەکانمان هەموو پابەندییەکانیان جێبەجێکردوون کە لە رێککەوتنەکەدا ئاماژەیان پێکراوە.
تورکیا بەردەوامبووە لە پێشێلکردنی ئاگربەست و قەبارەی کارەساتە مرۆییەکە بەمەبەست و بەشێوەیەکی پلان بۆ داڕێژراو زیاد دەکات و بەردەوامیشە لە داگیرکردنی خاکی سووریا لە دەرەوەی ناوچەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان کە رێککەوتنی لەسەر کراوە، لە هەریەک لە سەرێ کانی و گرێ سپی و تلتەمر، خەڵکەکەی ئاوارەکردوون و کوشتوونی، سەرەڕای ئەوەی هێزەکانمان لەو ناوچانەدا کشاونەتەوە.
دەوڵەتی تورکیا لە رۆژی ئاگربەستەوە تاوەکو ئێستا پانتاییەکی جوگرافی داگیرکردووە کە بە 1100 کم چوارگۆشە دەخەمڵێندرێت و 56 گوند لەخۆی دەگرێت، هەروەها ئەو ناوچەیە چەندین باخ و شارۆچکە لە هەریەک لە باکووری شارۆچکەی عەین عیسا و رۆژهەڵاتی شاری کۆبانێ و رۆژهەڵاتی سەرێ کانی و باکووری رۆژئاوای تلتەمر لەخۆی دەگرێت.
دەوڵەتی تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی لەرێگەی پێشێلکارییە بەردەوامەکانیان لە رۆژی راگەیاندنی ئاگربەستەوە هۆکاربوون بۆ ئاوارەبوونی نزیکەی 30 هەزار خەڵکی سڤیل و هەروەها شەهیدبوون و برینداربوونی دەیانی دیکە.
دەوڵەتی تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی لە راگەیاندنی ئاگربەستەوە 108 هێرشی زەمینیان ئەنجامداوە، هەروەها فڕۆکە بێفڕۆکەوانە سەربازییەکانی تورکیا 82 شوێنیان بۆردوومانکردوون، لەکاتێکدا تۆپهاوێژەکانیان 110 شوێنی دیکەیان لە دەرەوەی ئەو ناوچەی کە رێککەوتنی لەسەر کراوە تۆپبارانکردوون. ئەم هێرشانە هەموویان بوونەتەهۆی شەهیدبوونی 182 شەڕڤان لە هێزەکانمان و برینداربوونی 243 کەسی دیکە، لەکاتێکدا لە حاڵەتی بەرگریکردن لەخۆدا بوون.
دەوڵەتی تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی هەوڵی شێواندنی رای گشتی دەدەن، ئەوەش لەرێگەی درۆ و بانگەشەکردن بۆئەوەی کە پابەندی ئاگربەستن، لەکاتێکدا سوپای تورکیا بەردەوامە لە داگیرکردنی خاکی دیکەی سووریا. چۆن لایەنێک بانگەشەی پابەندبوون بە ئاگربەست دەکات لەکاتێکدا بەردەوامە لە پاوانخوازی و کۆمەڵکووژی ئەنجامدەدات و خەڵکی سڤیل ئاوارە دەکات.
ئێمە پابەندی مەرجەکانی ئاگربەست بووین بە گەرەنتی و نێوەندگیری ئەمریکی، بۆیە دەبێت ئەمریکا وەک گەرەنتیکارێک بەرپرسیارێتیەکانی هەڵبگرێت و وەڵامێکی باوەڕپێکراو و هەڵوێستێکی روونی هەبێت لەبارەی ئەو هەموو پێشێلکارییانەی دەوڵەتی تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی ئەنجامیدەدەن. دەبێت دادپەروەر بێت لە هەڵوێستەکانیدا.