کەشناسیی سلێمانی: کۆتایی هەفتە ئەگەری نمەباران هەیە

رووداو دیجیتاڵ
 
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسیی سلێمانی، کەشوهەوا تاوەکو رۆژی پێنجشەممە بەجێگریی دەمێنێتەوە و پاشان ئەگەری نمەباران هەیە. لە دوای ناوەڕاستیی ئەم مانگەش گۆڕانکاری بەسەر رەوشی کەشوهەوادا دێت. 
 
ئەمڕۆ دووشەممە 8-11-2021، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان پێشبینییەکانی بۆ کەشوهەوا  راگەیاند. بەپێی پێشبینییەکان، ئەمڕۆ بەرزترین پلە لە هەولێر 25 و نزمترین 12 پلە دەبێت، سبەینێ سێشەممەش هەمان پلە دەبن.
 
لەبارەی پارێزگاکانی دیکەی باشووری کوردستانەوە، سلێمانی ئەمڕۆ دووشەممە بەرزترین پلە 21 و نزمترین پلە 12 پلە دەبێت، سبەینێ بەهەمان پلە دەمێنێتەوە. دهۆک بەرزترین پلە ئەمڕۆ 23 پلە و نزمترینیش 10 پلە دەبێت، سبەینێش هەمان ئەو پلانە دەبن. کەرکووک ئەمڕۆ 27 پلە بەرزترین و 16 نزمترین دەبێت، سبەینێ سێشەممە بەرزترین 28 و نزمترین 16 پلە دەبێت. هەڵەبجە ئەمڕۆ بەرزترین پلە 24 دەبێت و نزمترین 9 پلە دەبێت، سبەینێ بەرزترین 25 و نزمترین 9 پلە دەبێت. 
 
ئەمڕۆ دووشەممە، ئاسۆ کەمال، بەڕێوەبەری کەشناسی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ و سبەینێ کەشوهەوا بە جێگیریی دەمێنێتەوە".
 
سەبارەت بە ئەگەری بارانبارین لە رۆژانی داهاتوودا ئاسۆ کەمال گوتی: "لە رۆژی پێنجشەممە و هەینی ئەگەری نمەباران لە هەرێمی کوردستان هەیە، بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان". ئاماژەی بەوەشکرد، کە لەدوای 15ی ئەم مانگەوە کەشوهەوا گۆڕانکاریی زیاتری بەسەردا دێت، بەڵام گۆڕانکارییەکان هێندە خێران ناتوانن پێشبینی وردی بۆ بکەن.
 
هەر بەپێی پێشبینییەکانی کەشوهەوا، ئەمڕۆ نزمترین پلەی گەرما لە قەزای پێنجوێن تۆمارکراوە کە 2 پلە بووە. هاوکات لە حاجی ئۆمەران 4 پلە بووە. هەروەها دوێنێ بەرزترین پلە لە خانەقین تۆمارکراوە کە 33 پلە بووە.