373 پاسەوانی پەرلەمانتارانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان داوای دامەزراندن دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
پاسەوانانی پەرلەمانتارانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کە 373 کەسن داوای دامەزراندن دەکەن و دەڵێن، لە دیوانی پەرلەمانەوە نووسراوی دامەزراندنیان لە گرێبەستەوە بۆ هەمیشەیی بۆ کراوە و وەڵام نەدراونەتەوە.
جێگری سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان ئەوە رەتدەکاتەوە نووسراوی دامەزراندنیان بۆ کرابێت و دەڵێت، "کەسیان دانامەزرێن".
ئەمڕۆ چوارشەممە 08-11-2023، یەکێک لە پاسەوانانی پەرلەمانتارانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ژمارەیان 373 پاسەوانە و پێشتر بە گرێبەست دامەزراون و بەڵێنی دامەزراندنی هەمیشەییان پێدراوە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ چارەنووسیان یەکلایی نەکراوەتەوە.
ئەو پاسەوانە ئاماژەی بەوەکرد، ماوەی دوو مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە؛ گوتیشی، "نووسراوی دامەزراندنمان لە دیوانی پەرلەمانی کوردستانەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ کراوە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ چارەنووسی دامەزراندنەکەمان نادیارە و لە دڵەڕاوکێداین".
هیوا نەسرەدین، جێگری سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان رەتیکردەوە بەڵێنی دامەزراندن بەو پاسەوانانە درابێت و ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەر پەرلەمانتارێک سێ پاسەوانی بۆ دیاریکراوە. تاوەکو خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان هەر سێ پاسەوانەکان دادەمەزران؛ دووانیان دەخرانە سەر میلاکی حکومەت و یەکێکیشیان وەکو پاسەوانی پەرلەمانتارەکە دەمایەوە، بەڵام ساڵی 2021 پەیڕەوێک دەرکرا و بەگوێرەی ئەو پەیڕەوە هیچیان دانامەزرێن".
هیوا نەسرەدین دەڵێت، "پەیڕەوی ژمارە 12ـی ساڵی 2021 کە بە گوێرەی یاسای چاکسازی دەرچووە بۆ رێکخستنەوەی کاری پاسەوانەکان، تێیدا ئاماژە بەوەکراوە، دوای تەواوبوونی گرێبەستی پاسەوانەکان دووانیان گرێبەستەکانیان هەڵدەوەشێتەوە و ئەوی دیکەیان بۆ ماوەی ساڵێک لەگەڵ پەرلەمانتارەکە بەردەوام دەبێت و دواتر ئەویش گرێبەستەکەی هەڵدەوەشێتەوە. ئەمە بۆ وەزیرەکانیش هەمان پەیڕەوە".
بەهۆی بڕیارێکی دادگەی فیدراڵییەوە، رۆژی 2-7-2023 کاری خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بە فەرمی کۆتاییهات.
پەرلەمانی کوردستان 111 پەرلەمانتاری هەیە. بەگوێرەی یاسای "چاکسازی لە مووچە، دەرماڵە، بەخشین، ئیمتیازاتەکان و خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان ــ عێراق" تەواوی ئەو پەرلەمانتارانەی کە لە ساڵی 2018 و لە هەڵبژاردندا بۆ خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان سەرکەوتن، مافی خانەنشینبوونیان هەیە کە 111 پەرلەمانتار بوون.
هەر بەگوێرەی یاسای چاکسازی، هەر کەسێک لەدوای ساڵی 2020ـەوە ببێتە ئەندامی پەرلەمانی کوردستان و تەمەنی 45 ساڵ زیاتر نەبێت و خزمەتی نەگەیشتبێتە 15 ساڵ، خانەنشین نابێت و خانەنشینبوون نایگرێتەوە؛ ئەوانەش لە خولی پێنج یان خولەکانی رابردوودا پەرلەمانتار بوون و خانەنشینن و تەمەنیان کەمترە لە 45 ساڵ و خزمەتیشیان کەمترە لە 15 ساڵ، مووچەی خانەنشینیان نابڕدرێت، بەڵام بەگوێرەی خزمەت و تەمەنیان بەراورد بە رابردوو کەم دەکرێتەوە.