وەزیری سامانە سرووشتییەکان بۆ رووداو: زیاتر لە هەشت ملیۆن بەرمیل نەوت رادەستی سۆمۆ کراوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری سامانە سرووشتییەکان بەوەکالەت دەڵێت، بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 250 هەزار بۆ 260 هەزار بەرمیل؛ ئاماژە بەوەش دەکات، لە 27ـی ئەیلوولەوە زیاتر لە 8 ملیۆن بەرمیل نەوتیان بۆ فرۆشتن رادەستی سۆمۆ کردووە.
ئەمڕۆ شەممە 08-11-2025، بە ئامادەبوونی کەمال محەممەد، وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان کە هاوکات وەزیری سامانە سرووشتییەکانیشە بەوەکالەت، رێورەسمی کردنەوەی وێستگەی کارەبای ئۆمەرئاوا لە قەزای قوشتەپە بەڕێوەچوو کە بە گوژمەی زیاتر لە سێ ملیار و 622 ملیۆن دینار جێبەجێکراوە.
لە رێوڕەسمەکەدا کەمال محەممەد گوتارێکی پێشکێشکرد و کۆمەڵێک داتا و زانیاری لەسەر کەرتی کارەبای هەرێمی کوردستان خستەڕوو و دواتر وەڵامی چەند پرسیارێکی دڵنیا رەحمان، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی سەبارەت بە بڕی بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دایەوە.
''هەشت ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە کراوە''
کەمال محەممەد لە وەڵامی پرسیارەکانی پەیامنێری رووداودا رایگەیاند: ''لە 27ـی ئەیلوولەوە دەستمان بە هەناردەکردنەوەی نەوت کرد. ئێستا [رۆژانە] نزیکەی 250 هەزار بۆ 260 هەزار بەرمیل بەرهەمهێنانمان هەیە.''
رۆژی 25ی ئەیلوول، هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق رێککەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانیان لە رێگەی بۆرییەوە بۆ بازاڕەکانی جیهان راگەیاند کە لە کۆتاییەکانی ئادارى 2023ـوە لە ئەنجامی بڕیارێکی دادگەی پاریس راگیرابوو.
هەولێر و بەغدا رێککەوتبوون لە قۆناخی یەکەمدا رۆژانە 190 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکرێ. بەگوتەی کەمال محەممەد، ''ئێستا هەناردەکردنی 200 هەزار بەرمیل نەوت دەستپێکردووە.''
وەزیری سامانە سرووشتییەکان بەوەکالەت ئەوەشی خستەڕوو: ''لە 27ـی ئەیلوولەوە، زیاتر لە هەشت ملیۆن بەرمیل نەوتمان بۆ فرۆشتن رادەستی سۆمۆ کردووە. پڕۆسەکەش بەردەوامە و هیچ کێشەیەکی نییە.''
لە بەشێکی قسەکانیدا کەمال محەممەد ئاماژەی بە پڕۆسەی دابەشکردنی نەوت بەسەر دانیشتووانی هەرێمی کوردستاندا کرد و گوتی: ''دەستمان پێکردووە، بەڵام یەکەمجار لە ناوچە شاخاوییەکانەوە''.
دابەشکردنی نەوت بۆ زستانی ئەم ساڵ بۆ هەر خێزانێک 200 لیتر دەبێ کە 13ـی تشرینی یەکەم لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد. وەزیری سامانە سرووشتییەکان بەوەکالەت دەڵێت: ''لە 2022ـوە ساڵانە ئەو پڕۆسەیە هەیە و بەردەوامیش دەبین لە دابەشکردنی نەوت''.
''بەرهەمهێنانی کارەبا زیادی کردووە''
وەزیری کارەبا لەبارەی زیادکردنی بەرهەمهێنانی کارەبا رایگەیاند: ''لەم کابینەیەدا، توانیومانە هەزار و 840 مێگاوات کارەبا بۆ تۆڕی گشتیی کارەبای نیشتمانیی هەرێمی کوردستان زیاد بکەین.''
بەگوتەی کەمال محەممەد، 750 مێگاواتی ئەو بڕە کارەبایە لە وێستگەی کارەبایی بازیان، 500 مێگاوات لە وێستگەی خورمەڵە، 300 مێگاوات لە خەبات، 165 مێگاوات لە گەرمیان، 29 مێگاوات لە دهۆک، 29 مێگاوات لە هەولێر، 29 مێگاوات لە سلێمانی و 38 مێگاواتیش بە شێوەی بەرهەمهێنانی کارۆئاوی زیادی کردووە.
وەک وەزیری کارەبا ئاماژەی دا، لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان 61 پڕۆژەی کارەبایی بە گوژمەی 372 ملیۆن دۆلار جێبەجێکراون کە31 پڕۆژەیان بە گوژمەی 233 ملیۆن دۆلار لە پارێزگای هەولێر بوون.