بەڕێوەبەری سایلۆکانی سلێمانی: 91 ملیار دینار لە پارەی گەنمی جووتیاران خەرج نەکراوە
رووداو دیجیتاڵ
جووتیارانی هەرێمی کوردستان لە دواکەوتنی پارەی گەنمەکەیان نیگەرانن و بەڕێوەبەری سایلۆکانی سلێمانیش دەڵێ، هێشتا زیاتر لە 91 ملیار دیناری پارەی گەنمی جووتیارانی پارێزگاکە ماوە خەرجبکرێ.
"گرفتی نەختینە و جیاوازی لەگەڵ پارێزگاکانی دیکە"
نەسرین ئەحمەد، بەڕێوەبەری سایلۆکانی پارێزگای سلێمانی، میوانی بەرنامەی (مژار)ی رادیۆی رووداو بوو و باسی پارەی گەرنمی جووتیارانی کرد و گوتی: "هەرچەندە ئەم ساڵ 157 هەزار و 600 تۆن گەنممان وەرگرتووە و بەراورد بە ساڵی رابردوو کە 287 هەزار و 700 تۆن بوو، کەمترە، بەڵام هێشتا کەمترین پارەمان بۆ خەجکراوە کە 31 ملیار دینارە و نزیکەی 91 ملیار و 960 ملیۆن دینارمان ماوە خەرج بکرێ".
بەڕێوەبەری سایلۆکانی سلێمانی گوتیشی: "هۆکاری سەرەکی دواکەوتنی پارەکە، ئەوەندەی باسدەکرێ کەمی نەختینەیە، چونکە لە پارێزگاکانی دیکەی نێوەڕاست و باشووری عێراقیش ئەم ساڵ پارەی گەنم دواکەوت".
نەسرین ئەحمەد ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو هەوڵێکی ئەوان لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی عێراق و کۆمپانیای بەبازاڕکردنی دانەوێڵەی عێراق ئەوەیە، بەزوویی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان خەرجبکرێ.
نزیکەی 307 هەزار تۆن گەنم لە سایلۆکانی سلێمانییە
نەسرین ئەحمەد باسی لەوەش کرد، نزیکەی 307 هەزار تۆن گەنم لەنێو شەش سایلۆکەی سلێمانی ماوەتەوە کە ئەوەش جێگەی کەم بۆ وەرگرتنی گەنمی ساڵی داهاتوو دروست دەکات؛ گوتیشی: "تاوەکو دوو هەفتە لەمەوبەر هیچ بڕە گەنمێک لە سایلۆکانی سلێمانییەوە نەبراوە بۆ ئاشەکانی ئارد و لە کەرکووکەوە هێنراوە بۆیان؛ چاوەڕوانین لە مانگەکانی داهاتوودا گەنمی ئاشەکان لە سایلۆکانی سلێمانییەوە دابین بکرێ".
بەڕێوەبەری سایلۆکانی سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد، بۆ چارەسەرکردنی گرفتی کۆگاکردن، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری داوە دوو کۆگا لەو سایلۆیانە دروست بکات کە جێگەیان فراوانە.
نەسرین ئەحمەد جەختی کردەوە کە گەنمی ناو کۆگاکان بەباشی هەڵگیراوە، بەڵام ئەگەر باران و لافاوی بەهێز بێت مەترسی لەسەرە.
بەغدا داوای پۆلێنی جووتیارانی کردووە
بەگوتەی نەسرین ئەحمەد، هەفتەی رابردوو وەزارەتی بازرگانیی عێراق داوای پۆلێنکردنی بڕی پارەی جووتیارانی کردووە بەپێی بڕی گەنمی رادەستکراو (1-50 تۆن و 50-500 تۆن) و گوتی: "ئێمە هەموو ئەوەی بەغدا داوایکردبوو ئامادەمان کرد و رەوانەمان کرد، بەو هیوایەین دوای هەڵبژاردن پارەی گەنمی جووتیارانیش خەرجبکرێت".
بەڕێوەبەری سایلۆکانی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو بڕە پارەیەی بۆیان دێت بەسەر سایلۆکاندا دابەشی دەکەن، بەگوێرەی ئەوەی هەر سایلۆیەک چەند گەنمی لە جووتیاران وەرگرتووە، پشكی لەو پارەیە دەبێ.