کارەبای شەمامک: وێستگەی کارەبای ماستاوا چاک دەکرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
دانیشتوویەکی گوندی ماستاوای سەر بە ناحیەی شەمامک دەڵێ، 15 رۆژە چەند گوندێک لە سنوورەکە بێ کارەبان. بەڕێوەبەری کارەبای شەمامک دەڵێ، کۆیلی بگۆڕی وێستگەکە سووتاوە و لەم یەک دوو رۆژەدا چاکدەکرێتەوە.
هاونیشتمانییەکی دانیشتووی گوندی ماستاوای شەمامک لە پارێزگای هەولێر بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "15 رۆژە وێستگەیەکی جووڵاوی کارەبا لە گوندەکەمان سووتاوە و کارەبامان نییە. بەهۆی بێ کارەباییەوە ئاوی کێڵگە کشتوکاڵییەکانمان نەداوە و تەنانەت ئاوی خواردنەوەشمان نییە، ناچارین بە دەبە ئاو لە شوێنی دیکەوە بهێنین."
دەریا محەممەد، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کارەبای شەمامک، لەو بارەیەوە بە رووداوی گوت: "کۆیلی محاویلەی وێستگەکە سووتاوە. لە هەوڵداین بۆ ئەوەی بەزوویی گرفتەکە چارەسەر بکەین و ئێستا پارچە سووتاوەکە لە وەرشەیە بۆ چاککردنەوە و لەم یەک دوو رۆژەدا تەواو دەبێت."
سەبارەت بە ماوەی بێ کارەبایی ئەو گوندانەی سنووری ناحیەی شەمامک، بەڕێوەبەری کارەبای ناحیەکە دەڵیت: "ئەوەندە نییە 15 رۆژ بێ کارەبا بن، بەڵکو هەوڵمانداوە بەشێوەی نۆرە لەرێگەی فیدەر و وێستگەکانی دیکەوە کارەبایان بۆ دابین بکەین." دڵنیاییشیدا کە "هەموو هەوڵێکمان ئەوەیە بە زوویی گرفتەکە چارەسەر بکەین."
دەریا محەممەد ئاماژەی بە باشبوونی دۆخی کارەبا لە سنوورەکەدا کرد و گوتی: "ئێستا بەراورد بە رابردوو، دۆخی کارەبای سنوورەکەمان زۆر باشتر بووە."