هاتووچۆکردن لە دەروازەی حاجی ئۆمەران کرایە نۆرە

رووداو دیجیتاڵ

بە بڕیاری قایمقامییەتی پیرانشار، هاتووچۆکردنی خەڵک لە دەروازەی حاجی ئۆمەران کرایە نۆرە و هەفتانە چوار رۆژ تەرخان کرا بۆ هاتووچۆی خاوەن کارتە سنوورنشینییەکان بۆ هاوردەکردنی کەلوپەل.
 
پەیوەندییە گشتییەکانی قایمقامییەتی پیرانشار رایگەیاند، لە ئەمڕۆ شەممە 08-11-2025ـەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی قەرەباڵخیی زۆر لە دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەران و هەروەها بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بۆ ماوەی 10 رۆژ رێوشوێنی تایبەت دەگرنەبەر بۆ هاتووچۆی خەڵک.
 
بەپێی بڕیارەکە، بۆ ئەوەی قەرەباڵخی لە دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەران کەم بێتەوە، رۆژانی شەممە، دووشەممە، چوارشەممە و هەینی بۆ هاتووچۆی ئەو کەسانە دەبێت کارتی سنوورنشینییان هەیە و رۆژانی یەکشەممە، سێشەممە و پێنجشەممەش بۆ گەشتیارانی ئاسایی دەبێت.
 
لە دوو مانگی رابردوودا بەهۆی رێگەدان بە هاوردەکردنی کەلوپەل لە دیوی باشوورەوە بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان بە کارتی سنوورنشینی، قەرەباڵخی زۆر لە دەروازەی حاجی ئۆمەران دروست بووە و گەشتیاران بۆ پەڕینەوە لە دەروازەکە چەند کاژێریان پێدەچێت.
 
پەیوەندییە گشتییەکانی قایمقامییەتی پیرانشار رایگەیاندووە، دوای تەواوبوونی ئەو 10 رۆژە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەریی کۆمەڵگەی حاجی ئۆمەران بڕیاری پێویست دەدەن بۆ رێکخستنی هاتووچۆی گەشتیاران و ئەوانەی کارتی سنوورنشینییان هەیە تاوەکو قەرەباڵخی لە دەروازەکە روو نەدات.
 
حکومەتی ئێران لەجێگەی کارتی کۆڵبەری، کارتی سنوورنشینی داوە بە بەشێک لە دانیشتووانی ناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و رێگە بە خاوەنی ئەو کارتانە دراوە، مانگانە بڕێکی دیاریکراو کەلوپەلی رێگەپێدراو لە باشووری کوردستانەوە هاوردە بکەن و گومرگی کەمیان لێوەردەگیرێت.