کشتوکاڵی هەولێر: رۆژانی داهاتوو فێستیڤاڵێکی زۆر فراوان بۆ هەنگوین دەکەین

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵیی هەولێر رایگەیاند، هیچ رێگرییەک لەبەردەم هەناردەی سەوزە و میوە بۆ عێراق نەماوە. گوتیشی لە شاری هەولێر رۆژ دوای رۆژ هەنگوین لە زیادبووندایە و لە رۆژانی داهاتووش فێستیڤاڵێکی زۆر فراوان بۆ هەنگوین دەکەن.
 
هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر گوتی، "بەشی زۆری ئەو بەرهەمانەی لە کوردستان بەرهەم دەهێندرێن، لە پێویستیی ناوخۆمان زیاترن. لە سەرەتای وەرزی پێگەیشتنی بەرهەمی ناوخۆش، سنوورەکانمان کۆنترۆڵ دەکەین بە ئامانجی پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ و پشتیوانیکردنی جووتیاران".
 
ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت، ئێستا پشتگیریی دەدەنە ئەو بازرگان و جووتیارە عێراقییانەی کە دەیانەوێت بەرهەمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بکڕن، بەوهۆیەشەوە گرفتی رێگری لە بازگەکانی عێراق کەمبووەتەوە. گوتیشی ئەم ساڵ زیاتر لە 55 هەزار پشتگیریی لەم شێوەیەیان داوەو 750 هەزار تۆن بەرهەمی نێوخۆی هەرێمی کوردستان هەناردەکراوە.
 
پار، مانگێک زووتر لەم کاتەی ئێستا دەست بە هەناردەی بەرهەمی نێوخۆ کرابوو. هێمن سەید موراد هۆکاری دواکەوتنی هەناردە لە ئەم ساڵ بۆ دابەزینی نرخی تمەن دەگەڕێنێتەوە.
 
ئەو بەڕێوەبەرە گوتی، "لەم دوو ساڵەی رابردوو تێبینیمان کردووە، کە نرخی تمەنی ئێرانی هێندە دابەزیوە وایکردووە بەرهەمی ئێرانی هەموو بازاڕەکانی کەنداو پڕبکاتەوە. ئەوەش کاریگەری راستەوخۆی هەبووە لەسەر هەناردەکردنی پەتاتەی هەرێمی کوردستان".
 
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر گوتیشی، "سەرەڕای ئەوەی نرخی پەتاتەی ئێرانی زۆر هەرزانترە لە نرخی پەتاتەی هەرێمی کوردستان، بەڵام بە هۆکاری کوالیتییەکەی کە بەرزترە، دیسان بازاڕەکانی کەنداو خواستیان هەبووە و گەڕاونەتەوە سەر بەرهەمی پەتاتەی هەرێمی کوردستان".
 
بەڕێوەبەرەکە دەشڵێت، "ئەو پەتاتەیەی کە لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێنرێت، چاودێرییەکی باش دەکرێت لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان. لە تەواوی بەش و بەڕێوەبەرایەتییەکان، تیم و بەشی رێنماییمان هەیە. بەردەوام پەیوەندییەکی زۆر گەرم هەیە لە نێوان ئەو تیمە و جووتیاران و هۆشیارییان پێدەدەن لەبارەی شێوازی چاندن".
 
ئەو پەتاتەیەی ئەمڕۆ هەناردەکرا، بەرهەمهێندراوی سنووری هەولێر بووە. هێمن سەید موراد گوتی، لەگەڵ فراوانبوونی هەناردە، دەکرێت بەرهەمی پارێزگاکانی دهۆک و سلێمانیش هەناردە بکرێن. تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵیش ئەو 5 هەزار تۆنە هەناردە دەکرێت، کە پلانی بۆ دانراوە.
 
ساڵانە زیاتر لە 600 هەزار تۆن پەتاتە لە هەرێمی کوردستان بەرهەمدەهێندرێت؛ 120 بۆ 150 هەزاری بۆ پێویستیی نێوخۆیە و زیاتر لە 450 هەزار تۆنی زیاترە لە پێویستیی نێوخۆ. 
 
هێمن سەید موراد گوتی، هیچ رۆژێک نەبووە هەزاران تۆن پەتاتە هەناردەی شارەکانی عێراق نەکرابێت. باسی لەوەشکرد، "ئێستاش رێژەیەکی زۆر ئامادەیە و دەتوانین بینێرین، بەڵام دابەزینی نرخی تمەن وایکردووە کە هەناردەکردن کەمێک سست ببێتەوە".
 
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر باسی لەوەشکرد، "لە دوو ساڵی رابردوودا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان خودی خۆی سەرپەرشتیی هەنگاوەکانی هەناردەکردنی هەنگوینی دەکرد".
 
گوتیشی، "ئەوە کاریگەرییەکی یەکجار زۆری هەبووە و بووەتە پشتیوانییەک بۆ ئەوەی جووتیار روو لەوە بکات، کە هەنگوینی زیاتر بەرهەمبێنن، چونکە دەرفەتی بە بازاڕکردنی مسۆگەری ناوخۆیی هەیە و پاشانیش دەرەکی هەیە. ئەوەش وای کردووە ژمارەی هەنگەوان زۆر زیاتر بێت لە هەرێمی کوردستانەوە، بە تایبەتی لە شاری هەولێر کە رۆژ دوای رۆژ هەنگوینمان لە زیادبووندایە".
 
ئەو بەڕێوەبەرە هەروەها رایگەیاند "پشتیوان بەخوا، رۆژانی داهاتوو فێستیڤاڵێکی زۆر فراوان بۆ هەنگوین دەکەین. پاریش کردمان کە زیاتر لە هەزاران کیلۆ بەرهەمی جووتیاران لە ناوخۆ بە بازاڕ کران. ئەمساڵیش پلانەکەمان داناوە کە فێستیڤاڵێکی زۆر فراوان بۆ جووتیارانی خۆمان بکەین، بۆ ئەوەی هاووڵاتیانی خۆشمان زیاتر ئاشنا بکەین بە بەرهەمی ناوخۆ و ببێتە بازاڕێک بۆ ئەوەی بازرگانی دەرەکی زۆر بە خێرایی بێن، هەنگەوانەکانی ئێمە بناسن و بتوانن گرێبەستی هەناردەکردنیان بۆ واژوو بکەن".
 
قسەکانی هێمن سەید موراد لەکاتی بەشداریکردنی بوو لە بووڵتەنی ئابووریی کاژێر 09:00ـی ئەمڕۆ شەممەی تۆڕی میدیایی رووداو کە بەختیار عەبدولعەزیز پێشكێشیکرد.
 
هێمن سەید موراد لەبارەی رێگریی بازگەکانی عێراقەوە گوتی، "بۆ هەناردەی بەرهەمە رووەکییەکان [سەوزە و میوە]، هیچ رێگرییەک نەماوە، بەڵام لە هەناردەی بەرهەمەکانی سامانی ئاژەڵ، ماوە ماوە گرفت دروست دەکرێت". 
 
باسی لەوەشکرد، "زۆر پێداگر بووین لەسەر هەناردەکردنی بەرهەمی پەلەوەریمان بۆ وڵاتی ئیمارات؛ دوو جاریش نموونە رەوانەکراوە، بەڵام چاوەڕوان بووین کە گرێبەستی کۆتایی واژوو بکرێت. پێشبینی دەکەین بەو نزیکانە ئەو لێکتێگەیشتنەش رەنگبداتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەڵسەنگاندنیان بۆ کوالیتی بەرهەمی پەلەوەریمان یەکجار زۆر بەرز بووە، بە تایبەتی گۆشتی مریشک و هێلکە".