ئیدریس مینبەری: سەردەمی ترساندنی چالاکڤانانی کورد لە گرتووخانە بەسەرچووە
رووداو دیجیتاڵ
ئیدریس مینبەری، ئەو مامۆستا خۆبەخشەی زمانی کوردی لە شاری سنە، کە بۆ تێپەڕاندنی سزای ساڵێک بەندکران بردرایە گرتووخانە دەڵێت، چیدیکە ناتوانن بە سزادان و بەندکردن، چالاکڤانانی کورد لە بەردەوامی خەبات بترسێنن.
ئەمڕۆ شەممە لە بەردەم ماڵی ئیدریس مینبەری رێوڕەسمێک بۆ بەڕێکردنی ئەو مامۆستایەی زمانی کوردی بۆ گرتووخانە بەڕێوەچوو و ژمارەیەک کەسایەتی و چالاکڤانی شاری سنە تێیدا بەشداربوون.
لە رێوڕەسمەکەدا ئیدریس مینبەری قسەی کرد و گوتی، شکستیان بەو سیاسەت و پلانەی دەسەڵاتداران هێناوە، کە دەیانەوێ گرتووخانە بۆ ترساندنی چالاکڤانان بەکاربهێنن.
مینبەری دەڵێت، سزادانی ئەو لە بەرامبەر ئەو تێچووانەی کورد لە پێناو سەرکەوتن داویەتی، هیچ نییە و "لە شەهیدانەوە فێربووین بەهای ئازادی بدەین".
بە گوتەی ئیدریس مینبەری، تاوەکو خەڵکی کوردستان مافی سەروەری نەبێت، ئازارە مێژووییەکانی خەڵک بەردەوام دەبن و تێکۆشانیش بۆ هێنانەدی ئەو مافە بەردەوام دەبێت.
ئیدریس منبەری، مامۆستای خۆبەخشی زمانی کوردی و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی رێکخراوی نۆژین رۆژی سێشەممە 05-11-2025 لەلایەن لقی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگەی سنەوە ئاگادارکرابووەوە، رۆژی شەممە بۆ تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەی خۆی بە دادگە بناسێنێت.
ئیدریس مینبەری رۆژی یەکشەممە 18-12-2022 لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سنە دەستبەسەر کرا و دوای ماوەیەک بە کەفالەت ئازاد کرا. ئەو لە 09-10-2023 لە دادگەی تاوانی سنە بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی گشتی و پێکهێنانی دەستە و گرووپ دژ بە دەسەڵات سزای ساڵێک بەندکردن و دوورخستنەوەی بۆ گرتووخانەی دزڵئاوای کرماشان سزا درا.
رێکخراوی کولتووری- کۆمەڵایەتیی نۆژین ساڵی 2010 دامەزراوە و لە شار و گوندەکانی پارێزگای سنە کۆرسی فێرکردنی زمانی کوردی دەکاتەوە. ئیدریس مینبەری لە دامەزرێنەرانی رێکخراوی نۆژین و لە ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری و مامۆستایانی زمانی کوردی ئەو ئەنجوومەنەیە و چالاکڤانێکی دیاری شاری سنەیە.