دەزگای خێرخوازیی بارزانی پڕۆژەی (داخستنی تێنووسی قەرز) رادەگەیێنێت
رووداو دیجیتاڵ
دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکدا و بە هاوکاریی سەرمایەداران، قەرزی زیاتر لە 5 هەزار و 700 خێزان دەداتەوە. سەرۆکی دەزگا خێرخوازییەکە دەڵێ، زیاتر لە 1 ملیار و 29 ملیۆن دینار کۆکراوەتەوە.
رۆژی شەممە، 08-11-2025، لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، دەزگای خێرخوازیی بارزانی پرۆژەی (داخستنی تێنووسی قەرزەکان)ی راگەیاند.
موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگا خێرخوازییەکە گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند: ''پڕۆژەکە بە پاڵپشتیی سەرمایەدارانی هەولێر جێبەجێکراوە و لە هیچ شوێنێکی جیهان هاوشێوەی نەبووە.''
لە قۆناخی یەکەمی پڕۆژەکەدا تێنووسی قەرزی ژمارەیەک هاونیشتمانی لە 115 دووکان داخرا. موسا ئەحمەد ئاماژەی بەوەدا، 5 هەزار و 773 خێزان لەو پڕۆژەیە سوودمەند بوون.
سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئەوەشی خستەڕوو، دەستڕۆیشتووانی هەولێر بڕی 1 ملیار و 29 ملیۆن و 955 هەزار دیناریان بۆ داخستنی تێنووسی قەرزی ئەو خێزانانە بەخشیوە.
هاوکات، ئومێد خۆشناو لە رێوڕەسمی راگەیاندنی پڕۆژەکەدا گوتارێکی پێشکێشکرد و گوتی: ''ئەمە کارێکی زۆر گرنگە. راستە تێنووسی قەزری زۆر کەس دادەخرێ، بەڵام لاپەڕەیەکی زێڕین بۆ دەزگای خێرخوازیی بارزانی، سەرمایەداران و هەموو ئەو کەسانەی هاوکار بوون لە سەرخستنی پڕۆژەکە دەکرێتەوە.''
پڕۆژەی داخستنی تێنووسی قەرزەکان لە شەقڵاوە، پیرمام و هەریر بەڕێوەچووە و سەرجەم ئەو دووکاندار و قەرزدارانەی کە لێی سوودمەند بوون، کەوتوونەتە سنووری ئەو سێ قەزایە.